رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی هەواڵیی ئیرەم نیوزی ئیماراتی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و سەربازیی لوبنانییەوە بڵاویکردەوە، ئێران فەرمانی بە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە ئاستی ئامادەیی سەربازیی خۆی بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکاتەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی ناوچەیی کە تاران پێیوایە نزیک و مسۆگەرە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکان کە رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەم قسەیان بۆ ئەو میدیایە کردووە، ئەم فەرمانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەرکراوە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بەردەوامەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا؛ ئامانج لێی خۆئامادەکردنە بۆ ئەگەری فراوانبوونی پێکدادانەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ داڕشتنی پلانی وەڵامدانەوەی سەربازیی هاوکات لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر جەنگێکی نوێدا.
لە وەڵامی ئەو فەرمانانەدا، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە حیزبوڵڵا سەرجەم ئەندام و چەکدارە هەمیشەیی و مووچەخۆرەکانی خۆی بانگهێشت کردووەتەوە و زنجیرەیەک فەرمانی نهێنیی ناوخۆیی دەرکردووە بۆ جێگیرکردنیان لە پێگە نوێیەکاندا. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم رێکارە سەربازییانە بە تەواوی جیاوازن لەو شێوازانەی کە حیزبەکە لە شەڕەکانی پێشوودا پەیڕەوی دەکردن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە حیزبوڵڵا سەرقاڵی کاراکردنی سیستمێکی نوێی جەنگییە کە سەربەخۆیی و دەسەڵاتی فراوانتر دەداتە یەکە مەیدانییەکان لە بڕیارداندا؛ ئامانج لەم هەنگاوەش کەمکردنەوەی کاریگەری و زیانەکانی ئەگەری هەر هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلە کە رەنگە سەرکردایەتیی حیزبەکە بکاتە ئامانج.
ئەو راپۆرتە لە کاتێکدایە کە پێرێ دووشەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر حیزبوڵـڵا هەر هێرشێک بکاتەوە سەر وڵاتەکەیان ئەوا زۆربە تووندی لییان دەدەن.
دوێنێش، سوپای ئیسرائیل وەکو ئامادەکاری ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن رایگەیاند، هێزی زیاتریان بۆ سنوورەکانیان ناردووە و دەیانەوێت رێگری لەسەر هەر هەڕەشەیەک بکەن کە لە دەرەوەی سنوورەکانیانەوە بکرێتە سەریان. بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بکرێت.



