رووداو دیجیتاڵ
میدیایی فەرمیی ئێران دەڵێت، وڵاتەکە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا رادەگڕێت.
ئاژانسی تەسنیمی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، پرۆسەی گۆڕینەوەی نامە و دەقە پێشنیازکراوەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە رادەگرێت؛ هاوکات لە رێگەی بەرەی مقاوەمەوە هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازیی تووند دەکەن.
ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست لە تەواوی بەرەکان و بەتایبەت لە لوبنان، تیمی دانوستانکاری ئێرانی بڕیاریداوە "گفتوگۆ و گۆڕینەوەی دەقەکان لە رێگەی پاکستانەوە رابگرێت. بەپێی ئاژانسەکە، بەرپرسانی ئێران جەختیان کردووەتەوە کە تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان رانەگیرێن و سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە لوبنان نەکشێتەوە، هیچ گفتوگۆیەک ناکرێت.
ئێران و بەرەی مقاوەمە بە نیازن بۆ سزادانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، تەنگەی هورمز بە تەواوی دابخەن و هاتووچۆی کەشتیوانی لە بابولمەندەبیش رابگرن، ئەمە بەگوێرەی تەسنیم.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئاگربەستە لە تەواوی بەرەکاندا، لەنێویشیاندا لوبنان." عێراقچی هۆشداری دا ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپرسیار دەبن لە لێکەوتەکانی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئەو ئاگربەستە.
پێشتریش چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران هۆشداریی هاوشێوەیان دابوو؛ لەوانەش محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە سەرکردایەتیی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکات، هۆشداری دابووە ئیسرائیل کە باجی چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان دەدات.
