رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتە تاران بۆ گەیاندنی نامەیەک بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لەلایەن سەرۆکوەزیران و سوپاسالاری پاکستانەوە نێردراوە.
رۆژی شەممە، 6ی حوزەیران 2026،، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاند: "بەشێکی سەردانی وەزیری ناوخۆی پاکستان تایبەت بوو بە دۆسیە دووقۆڵییەکان، لەوانەش ئاسایشی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".
موئمینی ئاماژەی بە لایەنی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات کرد و رایگەیاند، بڕیاری باش لەو بارەیەوە دراوە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە سێ ملیار دۆلاری ساڵانەوە بۆ 10 ملیار دۆلار بەرز بکەنەوە.
میدیای ئێران هەروەها رایگەیاند، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستانیش لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پەیوەندییە برایانەکانی نێوان پاکستان و ئێران کردەوە و رایگەیاند: "ئێران و پاکستان پەیوەندییەکی برایانەیان لەگەڵ یەکدی هەیە؛ کاتێک یەکێک لە براکان تووشی کێشەیەک دەبێت، براکەی دیکەش هەستی پێدەکات. هیوادارین بە هەوڵەکانی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و سوپاسالار عاسم مونیر، ئەم قەیرانانە بەمزووانە کۆتاییان بێت."
وەزیری ناوخۆی پاکستان ئامانجی سەردانەکەی بۆ تاران روونکردەوە و گوتی: "من لێرەم بۆ گەیاندنی نامەیەکی تایبەت لەلایەن شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و جەنەڕاڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری وڵاتەکەم لەبارەی بارودۆخی ئێستاوە بۆ ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران."
سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران، لە چوارچێوەی نێوەندگیری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە.
بڕیارە موحسین نەقەوی، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە.


