رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی تووندی دایە هێزەکانی ئەمریکا کە ناوچەکە جێبهێڵن، ئەگەر دەیانەوێت سەلامەت بن، عێراقچی جەختی کردەوە، هێزە چەکدارە بەهێزەکانیان هیچ هێرش و هەڕەشەیەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە.
رۆژی چوارشەممە 10-06-2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە کاژێر 5:00ـی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:00 شەو بەکاتی هەولێر) هێرشی خۆپارێزییان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و ئەم هێرشانە وەک "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" بوون. هاوکات میدیای ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کەناراوەکانی باشووری ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز بیستراوە.
عەباس عێراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سەرەڕای شکستەکانی لە مەیدانی جەنگدا، ئەمریکا بڕیاریدا ئیرادەی ئێمە تاقی بکاتەوە. هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان هیچ هێرش و هەڕەشەیەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە. ناوچەکەمان جێبهێڵن ئەگەر دەتانەوێت سەلامەت بن." هۆشداریشی دا، "مێژووی کەنداوی فارس چەندین بەشی تێدایە لەبارەی چارەنووسی شوومی دەستوەردەرە بیانییەکان."
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی دیکەشدا داوای لە هێزە بیانییەکان کرد تەنگەی هورمز و ناوچەکانی دەوروبەری جێبهێڵن و رایگەیاند: "تەنگەی هورمز ئاوی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو لەنێوان ئێران و عوماندا هاوبەشە. هێزە بیانییەکانی نزیک لە خاکەکەمان بەهۆی هەڵەی مرۆیی خۆیان، رووداوی ئاسایی یان تەقە لەیەککردنی هاوبەشەوە لەژێر مەترسیی بەردەوامدان." عێراقچی گوتی: "بۆ کەمکردنەوەی مەترسی، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بڕۆن. ئێمە زمانی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانین، بەڵام بە زمانەکانی دیکەش قسە دەکەین."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News) رایگەیاند، ئەمریکا بە شێوازێکی زۆر بەهێز وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە دوێنێ شەو لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکەدا کراوە. ترەمپ گوتی: "پێموایە وەڵامەکە دەبێت زۆر بەهێز و زۆر کاریگەر بێت و ئەمەش هەر وایە." ئەم هێرشانە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ گوتبووی دانوستاندنەکان لە قۆناخی کۆتاییدان.
ئەم هێلیکۆپتەرە ئاپاچییە، دووەم فڕۆکەی ئەمریکییە کە لەم جەنگەدا لەلایەن ئێرانەوە بخرێتە خوارەوە، دوای کەوتنی فڕۆکەیەکی ئێف-15 لە مانگی نیساندا. سێنتکۆم پشتڕاستیکردەوە، دوو کارمەندی تیمەکە لە کەناراوەکانی عومان لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا بە هاوکاریی درۆنێکی دەریایی بە سەلامەتی رزگارکراون و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
.png&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)