رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوا لە گەلی لوبنان دەکات "بێنە پاڵ ئیسرائیل" بۆ رووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵڵا. نەتەنیاهوو دەڵێت، وڵاتەکەی لەگەڵ لوبنانییەکان لە شەڕدا نییە، بەڵکو ئامانجیان تێکشکاندنی ئەو گرووپەیە کە لوبنانی کردووەتە "بارمتە".
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئیسرائیل پەرۆشی ئاشتییە لەگەڵ لوبنان. نەتەنیاهوو رووی دەمی کردە لوبنانییەکان و گوتی: "ئیسرائیل لەگەڵ ئێوە لە شەڕدا نییە. ئێمە لە شەڕداین لەگەڵ حیزبوڵڵا کە وڵاتەکەتانی کردووەتە بارمتە. ئێمە ئاشتییمان لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ لوبنان دەوێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە گەلی لوبنان کرد کە داهاتووی خۆیان بپارێزن و بێنە پاڵ ئیسرائیل تاوەکو ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو منداڵان دابین بکەن.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک حیزبوڵڵا لەنێوبرا، دەرفەتی بێ سنوور بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە دێنە پێشەوە و گوتیشی: "ئاسۆیەکی گەش چاوەڕێی هەردوولا دەکات."
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، حیزبوڵڵای لوبنانیش لە 2ـی ئاداری وەک پشتیوانییەک بۆ تاران هاتە نێو شەڕەکەوە و هێرشەکانی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل دەستپێکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر لایەنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام نەتەنیاهوو هێشتا سوورە لەسەر بێچەککردنی حیزبوڵڵا و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی وڵاتەکەی.
