رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، دوو کەشتییان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج و پێکاوویانن. دەشڵێت: "کەشتییەکان ویستوویانە بە شێوەیەکی نایاسایی لە تەنگەکە بپەڕنەوە."
رۆژی پێنجشەممە 11-6-2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوو کەشتیی "سەرپێچیکار" کە بە نیازی تێپەڕبوونی نایاسایی بوون لە تەنگەی هورمز، لەلایەن هێزەکانیانەوە کراونەتە ئامانج و گورزیان لێوەشێندراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی ناسنامەی کەشتییەکان و زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاونەکراوەتەوە، تەنیا جەخت لەوە کراوەتەوە کە رێگە بە هیچ "تێپەڕبوونێکی نایاسایی" لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا نادرێت
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، بڕیاری داخستنی تەنگەی هورمزی "تا کاتێکی نادیار" راگەیاند و هۆشداری دایە سەرجەم کەشتییەکان کە لە شوێنی خۆیان نەجووڵێن. سوپا دەڵێت: "نزیکبوونەوە لە تەنگەکە وەک هاوکاریکردنی ئەمریکا هەژمار دەکرێت."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە: "هیچ کەشتی و پاپۆڕێک لە لەنگەرگاکانی خۆیەوە لە کەنداو و دەریای عومان نەجووڵێت."
شەوی رابردوو وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئەمریکا، کە شەوی پێشووتر لەلایەن ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران، ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکەدا هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و کوێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەشەممەش فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دەستیان بە هێرشی بەرگری لە خۆکردن بۆ سەر ئێران کردەوە.
سێنتکۆم هێرشەکەی بە "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" وەسفکرد.
میدیای ئێران بڵاوی کردەوە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزی لە پارێزگەکانی هورمزگان، فارس و بووشەهر بیستراوە. لە ناوچەی سیریکی هورمزگان، چوار تەقینەوەی بەهێز لە نزیک بۆڕیی گازی کەناراوی شارەکە روویاندا (کە هێڵێکی سەرەکیی گواستنەوەی گازە).
هەروەها لە نزیک شاری میناب دەنگی تەقینەوە بیسترا و لە دوورگەکانی قیشم و هەنگام بە درۆنی بچووک هێرش کراوەتە سەر چەندین شوێن، دەنگی تەقینەوە لە کەناراوەکانی بەندەر عەباس و دوورگەی کیشیش بیسترا.
له عەسەلوویەی پارێزگای بووشەهر، کە گەورەترین کێڵگەی گازیی تێدایە، بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا و مووشەکێکی کروز خرایە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت پشتڕاست نەکراوەتەوە. هەروەها لە پارێزگەی فارس لە دەرەوەی شاری مۆهر و لە رۆژئاوای تاران بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا.
بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، تەنگەی هورمزیان بۆ هەموو کەشتییەک داخستووە و هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بدات، دەکرێتە ئامانج.

.png&w=3840&q=75)
