رووداو دیجیتاڵ
قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، داخرانی تەنگەی هورمزی بەسەر هەموو جۆرە کشتییەکی بازرگانی و نەوتهەڵگردا راگەیاند؛ دەشڵێت، هێرش دەکرێتە سەر هەر کەشتییەک کە هەوڵی هاتووچۆ بە تەنگەکەدا بدات.
لە راگەیێندراوەکەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێراندا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-06-2026 بڵاوکراوەتەوە باس لە هێرشەکانی ئەمریکا کراوە و تێیدا هاتووە، هێرشکاوەتە سەر هەندێک ناوچەی باشووری ئێران لە پارێزگای هورمزگان.
قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ''لە ئێستاوە بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنییەوە لە ناوچەکە، تەنگەی هورمز بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکدا، لەوانەش نەوتهەڵگر و بازرگانی دادەخرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دەدرێت، هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا بدات، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج.
هاوکات قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ''بانگەشە''ـی ئەمریکا بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانی بە تەنگەی هورمزدا رەتدەکاتەوە. پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو 100 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕاندووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشێکی دیکەی بۆ سەر چەندین شاری ئێران دەستپێکرد. لە شارەکانی میناب، کرگان، سیریکی پارێزگای هورمزگان، دوورگەکانی قیشم، کیش و هەنگامی سەر بە پارێزگاکە، بەنەرعەباس و چەندین ناوچەی دیکەی پارێزگای بووشەهر دەگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
هاوکات لە رۆژئاوای تارانیش سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، وەڵامێکی تووند و یەکلاکەرەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دەدەنەوە.
بیستنی دەنگی تەقینەوە و کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران لەکاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچیی سوپای ئەمریکا لە ئاسمانی تەنگەی هورمز، هێزەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر ئێران.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆش زەبرێکی دیکە لە ئێران دەدەنەوە.

.png&w=3840&q=75)
