رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران رایدەگەیێنێت، بە ژمارەیەک درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن. سوپا دەڵێت، هێرشەکە وەک وەڵامێک بووە بۆ "بەزاندنی ئاگربەست" لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
رۆژی پێنجشەمممە سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئەرتەش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندد، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران، یەکەکانی درۆنی سوپا بە جۆرە جیاوازەکانی درۆنی "تێکشکێنەر و بۆمبڕێژکراو" بنکەی فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی
ئەمریکایان لە بەحرێن کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، لەم شەپۆلە هێرشە درۆنییەدا، چەندین ئامانجی هەستیار پێکراون، لەوانە: "ئەنتێنەکانی پەیوەندیکردن و دامەزراوە رادارییەکانی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت" کە لە نێو بنکەی کەشتیگەلی پێنجەمدا جێگیرکراون.
سوپای ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا سوپای ئەمریکا بە "تیرۆریست" وەسف دەکات و جەخت دەکاتەوە کە "لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دیکەی وڵات، تاوەکو دوایین هەناسە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن ئامادەن." هەروەها دەڵێت: "تاوەکو تەمێکردنی دوژمنی دەستدرێژکار، لە کارەکانمان ناوەستین."
ئەم هێرشە درۆنییەی سوپای ئێران لە کاتێکدایە، کە پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکان لەنێو خاکی ئێران کردووە.
دوای هێرشەکان دۆناڵد ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەی کردووە. ترەمپ گوتی، "بەرپرسانی باڵای ئێران ئەمشەو راستەوخۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان پەیوەندییان پێوەکردم و داوایانکرد بۆردوومانکردنی وڵاتەکەیان رابگیرێت." میدیای ئێرانی رایگەیاند، دەنگۆی پەیوەندیکردن بە ترەمپ راست نییە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی ئێراندا دەفڕن و ئێستا سیستمی رادار و بەرگریی ئاسمانی لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە تێکدەشکێنن.
ترەمپ گوتیشی، "هێزەکانی ئەمریکا 49 مووشەکی کرووزی جۆری تۆماهۆکیان ئاراستە کردووە کە ئامانجەکانیان لە قووڵایی خاکی ئێراندا پێکاوە." سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد ئەگەر نەیەنە ژێر بار، بەیانی زۆر بە تووندی بۆردوومانیان دەکەنەوە.


.png&w=3840&q=75)