رووداو دیجیتاڵ
پوختەی نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە ئاشکرا دەبێت کە دۆناڵد ترەمپ بەهۆیەوە هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێرانی هەڵوەشاندەوە؛ رێککەوتنەکە پرسی کردنەوەی تەنگەى هورمز و دەستپێکردنی دانوستاندنی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریداوە ئەو هێرش و بۆردوومانە پلان بۆدانراوانەى سەر ئێران هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش دوای پەسندکردنى رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێ لەلایەن سەرکردایەتیی ئێرانەوە.
بەگوێرەى ئاژانسى (ئەکسیۆس)، رێککەوتنەکە لەم سێ خاڵە سەرەکییە پێکدێت:
درێژکردنەوەی ئاگربەست: راگرتنی هەموو جۆرە پێکدادانێکی سەربازی لە ناوچەکەدا.
کردنەوەی تەنگەى هورمز: رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت و وزە و تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەو رێڕەوە ئاوییەدا کە ئێران دایخستبوو.
دانوستاندنی ئەتۆمی: دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستاندن بۆ ماوەی 60 رۆژ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) ئاماژەی بەوە کرد، خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە لەلایەن هەموو هاوپەیمانە ناوچەییەکانەوە، لەوانە ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە پەسند کراون. "گەمارۆی دەریایی بە تەواوی دەمێنێتەوە تاوەکو رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ دەکرێت."
بەپێی ئاژانسەکە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان رۆڵێکی سەرەکییان لە نزیککردنەوەی دیدگای هەردوولا هەبووە. دانوستاندنەکان لە تاران لە نێوان عەلی سەوادی، نێردەی قەتەر و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدراون. هەروەها، ئێران شەوی چوارشەممە رەشنووسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی فەرمی بۆ نێوەندگیرە قەتەرییەکان ناردووە و کارەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان هاتووە.
ئەم یاداشتنامەیە دەبێتە بناخەیەک بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنێکی 60 رۆژە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە هەمان کاتدا تەنگەى هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە و ئاگربەست درێژ دەکرێتەوە.
لەم گفتوگۆیانەدا گرێکوێرەی سێ پرسی هەستیار کراوەتەوە: میکانیزمی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانى ئێران، رێوشوێنەکانی کردنەوەی تەنگەى هورمز، و شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لە ماوەی ئەو 60 رۆژەدا.
لە هەمان کاتدا، سەرۆکى ئەمریکا چەند کاژێرێک دواى پۆستەکەى ترووس سۆشیال، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە رۆژنامەی "زە پۆست"ی راگەیاند، "کارەکە تاوەکو ئاستێکی زۆر تەواو بووە".
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە لە 10 رۆژی رابردوودا پەرەسەندنە سەربازییەکان زیادیانکرد.
دوای ئەوەی ئێران هێلیکۆپتەرێکی ئەپاچی ئەمریکای خستە خوارەوە، واشنتن بە بۆردومانکردنی 20 ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران وەڵامی دایەوە.
هەرچەندە ترەمپ دەڵێ، تاران رێککەوتنەکەی پەسند کردووە، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن، هێشتا موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران رەزامەندیی کۆتایی نەداوە.
ئەم رێککەوتنە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بەو جەنگە دەهێنێت کە رۆژانە 10 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنێت.

.jpg&w=3840&q=75)
