رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێزەکانی لیوای گۆلانی ئامادەی هەموو ئەرکێکن و ئەگەر فەرمانیان پێبکرێت، دەتوانن بەرەو بەیرووت پێشڕەوی بکەن. دەشڵێت: "لە نێو توونێلەکانی حیزبوڵڵادا نەخشە و ستراتیژیی سەربازیی ئێرانییان دۆزیوەتەوە."
فەرماندەی فەوجی 13ی لیوای گۆلانی، کە بە "ئێم" ناسراوە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەگەر فەرمانەکان دەربچن، لیوای گۆلانی بۆ هەموو ئەرکێک ئامادەیە، لەوانەش پێشڕەویکردنی هێزە وشکانییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەیرووتی پایتەختی لوبنان.
ئەم فەرماندەیە کە ئەزموونی 15 ساڵی لە نێو سوپای ئیسرائیلدا هەیە و پێشتر لە خان یوونس و رەفەح جەنگاوە، باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوچەی "وادی سلووکی" لە باشووری لوبنان کرد و گوتی: "کۆنترۆڵکردنی وادی سلووکی وایکردووە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل پارێزراوتر بن و هێڵەکانی هاویشتنی مووشەک و درۆنی حیزبوڵڵا پاشەکشە بکەن."
ئەو فەرماندەیە ئاشکرای کرد، لە کاتی پشکنینی مۆڵگە و توونێلەکانی حیزبوڵڵادا دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنییەکی زۆردا گرتووە. گوتیشی: "لە نێو ئەو شتانەی دۆزیماننەوە، کۆمەڵێک بەڵگەنامە و ماددەی ئێرانی هەبوون کە ستراتیژیی سەربازییان تێدا روونکراوەتەوە، لەگەڵ چەندین نەخشەی سەربازیی ئێرانی."
بەپێی گوتەی ئەم فەرماندەیە، لە ململانێکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، فەوجەکەی ئەوان نزیکەی 50 چەکداری حیزبوڵڵایان کوشتووە، لە بەرامبەریشدا سێ سەربازیان کوژراون.
فەرماندەکەی سوپای ئیسرائیل باسی لە یەکێک لە سەختترین پێکدادانەکانیان کرد کە تێیدا لە نێو خانوویەکدا رووبەڕووی شەڕی "دەستەویەخە" بوونەتەوە و تێیدا سەربازێکیان بەناوی "توبیا لیفشیتز" کوژراوە.
ئەو فەرماندەیە دانی بەوەدا نا، کە سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای چوونە نێو لوبنان، بە تەواوەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی درۆنە نوێیەکانی حیزبوڵڵا لە جۆری "فایبەر ئۆپتیک" ئامادە نەبووە. فەرماندەکە گوتی: "هەرچەندە پێشڕەوییەکانمان رێگری لە هەندێک هێرش کردووە، بەڵام مەترسیی درۆنەکان بەتایبەت لەسەر سەربازان لە باشووری لوبنان هێشتا ماوە."
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە "جەنگی گەریلا"یە و تەنیا هێزی ئاسمانی بەس نییە، بەڵکو پێویست بە هێزی وشکانی دەبێت تاوەکو بە شێوەیەکی سیستماتیک رێگری لە هەر جۆرە دزەکردنێک بۆ نێو گوندەکانی باکوور بکرێت.
ئێستا فەوجەکە مۆڵەتی چەند هەفتەیەکیان پێدراوە تاوەکو پێداویستییەکانیان نوێ بکەنەوە و بۆ ئەرکی داهاتوو ئامادە بن.



.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)