رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەموو کاتێک نزیکترە. پاکستانی نێوەندگیریش پشتڕاستی دەکاتەوە کە "دەقی کۆتایی و پەسندکراو"ی رێککەوتنی ئاشتی ئامادەیە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تووڕەییەوە تارانی تۆمەتبارکرد بەوەی بە نییەتی خراپەوە دانوستاندن دەکات.
ئەو کاردانەوە تووڕەییەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، میدیاکانی ئێران وردەکاریی ئەو رەشنووسەیان بڵاوکردەوە کە گوایە لەسەر مێزە، تێیدا جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران پێداگری لەسەر مافی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەکات.
بەڵام ئەمە پێچەوانەی قسەی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپییە کە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئێران رازی بووە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبووەشێنێتەوە، یۆرانیۆمی پیتێندراو لەنێوببات و تەنگەی هورمزیش بکاتەوە؛ هەروەها گوتی، تاران هیچ بڕە پارەیەکی سڕکراوی بۆ ئازادناکرێ تاوەکو پابەندی ئەم بەڵێنانە نەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، دوای چەندین هەفتە لە وەستانی دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە 28ی شوبات بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتنەکە نزیکە، بەڵام رۆژی هەینی بە تووڕەییەوە زانیارییەکانی ئێرانی لەبارەی رەشنووسەکەوە رەت کردنەوە.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئەو مەرجانەی ئێران داویەتی میدیا ساختەکان، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە کە بە نووسراو لەسەریان رێککەوتووین. ئەوەی دەیڵێن، لەنێویاندا راگەیێندراوە لاواز و پڕوپووچەکەیان لەسەر رێککەوتنەکە، لە راستییەوە دوورە."
ترەمپ هەروەها نووسی: ئێرانییەکان "لە مامەڵەکردندا کەسانی ناپیاون. لای ئەوان، شتێک نییە بە ناوی مامەڵەکردن بە نیازپاکی. جێگەی سەرسوڕمانە!"
دوای ئەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەوڵی دا گرژییەکە کەم بکاتەوە. عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، واژۆکردنی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلاماباد لە هەموو کاتێک نزیکترە"، کە مەبەستی پایتەختی پاکستان بوو کە پێشتر میوانداریی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێرانی کردبوو.
عێراقچی هەروەها گوتی: لە کاتێکدا یاداشتەکە لە چاوەڕوانیی تەواوکردنیدایە، پێویستە میدیا خۆی لە لێکدانەوە لەبارەی نێوەڕۆکەکەی بەدوور بگرێ. وەک پابەندییەک بە بەرپرسیارێتی و هەڵوێستی شەفافمان، هەموو وردەکارییەک لە کاتی گونجاودا بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو."
دواتر ترەمپ سکرین شۆتـی پەیامەکەی عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بڵاوکردەوە.
دوای ئەوە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە دەقی کۆتایی و پەسندکراوی رێککەوتنی ئاشتی ئامادە کراوە و پاکستان لەگەڵ هەردوو لا کاردەکات بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکانی دواتر."
میدیای ئێران چی لەبارەی رەشنووسەکە دەڵێ؟
لە مانگی نیسانەوە ئاگربەستێک چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام جار جار گرژی روویداوە کە هەر جارەیان ترسی گەڕانەوە بۆ شەڕێکی گشتگیری دروستکردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بەردەوام دەیگوت رێککەوتن نزیکە.
ئیسرائیل کە هاوپەیمانی ئەمریکایە، رایگەیاندووە کە ترەمپ بەڵێنی پێداوە لە هەر رێککەوتنێکدا یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران دەبرێتە دەرەوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) دەڵێت، ئەم بابەتە تەنانەت لەسەر مێزیش نییە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئیرنا، دوای واژۆکردنی رێککەوتنی سەرەتایی، ئێران و ئەمریکا بۆ 60 رۆژ دانوستاندن دەکەن و "پێداگری لەسەر مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکرێ، ئەوەش بۆ ئەوەی بخرێتە نێو رێککەوتنی کۆتاییەوە".
جگە لەوەش، بەپێی ئیرنا، ئێران پێداگری لەسەر بەڕێوەبردنی جووڵەی تەنگەی هورمز دەکات، کە رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی دەریاییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی کەنداو، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە تاران گەمارۆی خستووەتە سەر.
ئێران کە تاوەکو ئێستا تەنیا رێگەی بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەشتییەکان داوە بە تەنگەکەدا تێپەڕن، پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت کەشتییەکان پێش تێپەڕبوونیان مۆڵەت لە هێزە چەکدارەکانی ئێران وەربگرن.
هاوکات رۆژی هەینی، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکاری ئێرانەوە نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە گوایە دەقی رەشنووسی ئەو رێککەوتنەیە کە خەریکە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئاژانسەکە دەڵێ، رەشنووسەکە کۆتایی بە شەڕی هەموو بەرەکان دەهێنێت، لەنێویاندا لە لوبنان کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەری؛ هەروەها 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێ و ماوەی 60 رۆژیش بۆ دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دیاری دەکرێ.
هەروەها رەشنووسەکە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و پلانی ناچارکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێران لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕەکەوە بەر ئەو وڵاتە کەوتوون، لەخۆدەگرێ.
جەی دی ڤانس راگەیێندراوەکانی میدیای ئێران رەت دەکاتەوە
هەر ئەمڕۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران دەکەن لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتن.
جەی دی ڤانس لە پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، زانیاری ساختەی زۆر لەبارەی رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکراونەتەوە. ڤانس گوتی: "ئێرانییەکان هیچ پارەیەکی نەختینە وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەکی سڕکراویش لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتن ئازاد ناکرێ."
ڤانس گوتی، بەندەکانی رێککەوتنەکە بە جۆرێک داڕێژراون داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینەدا بن.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی هەموو مەرجەکان بێ، ئەوکاتە لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە سوودمەند دەبن.
ڤانس باسی لەوە کرد، ئەم رێککەوتنە دەتوانێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێ و ئاشتییەکی هەمیشەیی فەراهەم بکات؛ هەروەها گوتی، دۆناڵد ترەمپ دەستکەوتی گرنگ بۆ ئەمریکا بەدەست دەهێنێت و رێگری لە هەر جۆرە پێشهاتی سەربازی دەگرێ.
ڤانس رەخنەی لەو کەسانە گرت کە دەستیان بە رەخنەگرتن لە ترەمپ کردووە و گوتی: "سەیرە ئەو کەسانەی مانگێک لەمەوبەر دەیانگوت ترەمپ سەرۆکێکی مێژووییە، ئێستا بڕوا بە زانیاریی نادیار و ناڕاستی سۆشیاڵ میدیا دەکەن؛" ئاماژەی بەوەش کرد نابێت بڕوا بەو هەواڵانە بکرێ کە سەرچاوەکانیان نادیارە و دەیانەوێ رێڕۆی دانوستاندنەکان تێکبدەن.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد. داخستنی تەنگەی هورمز گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕی وزەی جیهانی. ئەمریکاش گەمارۆی بەسەر بەندەرکانی ئێراندا سەپاندووە.
.jpg&w=3840&q=75)


