رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئەو وڵاتە، پەیامێکی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، لەو رێککەوتنەی کە بڕیارە واژۆ بکرێ، دەبێت واشنتن وەک خۆی پابەندی بەڵێنەکانی بێت و هیچ پاساوێک قبووڵ ناکەن.
قالیباف لە پۆستێک لە تۆڕی ئێکس، رۆژی هەینی، 12-06-2026، سەبارەت بەو رێککەوتنەی کە باس لە نزیکبوونەوەی دەکرێ، گوتی: "ئەو پابەندییانەی دەکرێن، دەبێت جێبەجێ بکرێن. هیچ ئەگەر و بەڵام و پاساوێک قبووڵ نییە. بۆ ئەو رێککەوتنە نزیکەی کە لەبەردەممانە، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە زمانێکی ئاماژەئامێز و وەک هۆشدارییەک بۆ لایەنی بەرامبەر کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی: "هەرچی بچێنیت، ئەوە دروێنە دەکەیت."
ئەم لێدوانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئەم پایەمەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەینی گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، ئەگەری هەیە رێککەوتنەکە تاوەکو رۆژی دووشەممە یان لەو رۆژەدا واژۆ بکرێ.
هەر ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ژمارەیەک رۆژنامەڤان لە کۆشکی سپی کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداویش لە واشنتن ئامادەی بوو، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وردەکاریی قۆناخی کۆتایی رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێرانی خستنەڕوو. بەرپرسەکە رەتی کردەوە تاران تەنیا لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا ملیاران دۆلاری پێبدرێ و ئاماژەی بەوەشکرد، نابێ بڕوا بە "پڕوپاگەندەی" میدیاکانی سوپای پاسداران بەکرێ.
بەرپرسە باڵاکەی کۆشکی سپی لەبارەی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند، هەموو ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت کە سەرۆکی ئەمریکا دیاریکردبوون، کە ئەمانە لەخۆدەگرێ:
یەکەم: کردنەوەی تەنگەی هورمز.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
سێیەم: ئەمریکا دەست بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێراندا دەگرێ. بەپێی رێککەوتنەکە ئەو مادەیە لە شوێنی خۆی ناکارا دەکرێ و پاشان دەبرێتە دەرەوەی وڵاتەکە.
چوارەم: مسۆگەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکە، کە بەو واتایە دێت چیدیکە ئێران گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە پارەدار ناکات. لە بەرامبەریشدا هەمووان رێز لە سەروەریی خاکی ئێران دەگرن.
پێنجەم: دیاریکردنی سیستمێکی پشکنینی تووندی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونێکی درێژخایەن.
لەبارەی ئەوەی ئێران لەم رێککەوتنە چی دەستدەکەوێ، بەرپرسەکەی کۆشکی سپی روونیکردەوە کە ئەگەر ئێران پابەند بێت، لەو گوشارە ئابوورییانە رزگاری دەبێت کە ساڵانێکە لەسەریەتی و تێکەڵ بە ئابووریی جیهان دەبێتەوە. بەرپرسەکە گوتی: "ئەوان پاداشت دەکرێن لەبەرامبەر ئەوەی وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار دەکەن، نەک وەک گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانکاری تیرۆر. بەڵام ئەم سوودە تەنیا ئەو کاتە بەدەستدەهێندرێ کە بە کردار هەنگاو بنێن."
.jpg&w=3840&q=75)

