رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕا ئەوەی تاران و واشنتن رایانگەیاندووە لە هەر کاتێک نزیکترن لە رێککەوتن، بەشێک لە خەڵک و بەرپرسانی ئێرانی رەخنە لە نێوەرۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا دەگرن. ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: ''یاداشتەکە واژۆ بکرێ، دەچینە ژێردەسەڵاتی ئەمریکا.''
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 14-06-2026، یاداشتی لێکتیگەیشتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت و دوای واژۆکردنەکەش تەنگەی هورمز دەکرێتەوە. هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەوە کرد، تاران و واشنتن لە هەر کاتێک نزیکترن لە رێککەوتن و ئەوەش بە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی دەزانێت.
ئەوە لەکاتێکدایە بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی دژی نێوەرۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن هەڵوێستیان گرتووە و رەخنە دەگرن. مەحموود نەبەویان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران بەشێک لە نێوەرۆکی یاداشتنامەکەی خستووەتەڕوو و دەڵێت، هیچ لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدا نییە.
بەگوتەی مەحموود نەبەویان، دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران بەراورد بە دەقەکانی پێشوو ''زیانبارتر''ـە و پاشەکشەی زیاتری تارانی تێدایە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، لە دەقەکانی پێشووی یاداشتەکەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەند کراوە، ''تەواوی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرسی ئەتۆمییەوە، لەوانە بەڵێنی دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی، راگرتنی پیتاندنی یۆرانۆم بە رێژەی بەرز و بابەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لە درێژەی دانوستاندنەکاندا چارەسەر بکەن''، بەڵام لە دەقی کۆتاییدا ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و مەرجەکانی سەر ئێران قورستر کراون.
وەک مەحموود نەبەویان دەڵێت، هەر لە دەقی پێشووی یاداشتەکەی لێکتێگەیشتندا، داوا لە ئێران کراوە بەڵێن بدات چەکی ئەتۆمی دروست ناکات و ئێرانیش قبووڵی کردووە، ''لە کاتێکدا نەدەبووایە ئەم کارە بکەین، چونکە لانیکەم لەسەر کاخەز خەیاڵی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتوو ئاسوودە بوو. ئەی بۆچی ئەوان نەهاتن خەیاڵی ئێمە سەبارەت بە سزاکان ئاسوودە بکەن؟''
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران باسی لەوەش کردووە، دەقی ئێستای یاداشتی لێکتێگەیشتن تیشکی خستووەتە سەر ئەو بابەتە کە سەرەڕای ئەوەی تاران ''هیچ کاتێک چەکی ناوکی بەرهەم ناهێنێت، نابێ بە کڕینیش هەوڵی دەستخستنی بدات.''
مەحموود نەبەویان پێیوایە، بەپێی نێوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن، ئێران دەبێتە ''داگیرکراو''ـی ئەمریکا، ''چونکە تێیدا هاتووە، دەبێ چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو، پیتاندنی یۆرانیۆم و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمی بە میکانیزمێکی جێی رەزامەندیی هەردوولا دیاری بکرێ. واتا دەبێ رەزامەندی واشنتنی لەسەر بێت.''
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت، ئەمریکا سەبارەت بە چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران، خاڵێکی دیکەی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن زیاد کردووە کە تێیدا هاتووە: ''دەبێ ئێران خەستیی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی کەم بکاتەوە.''
''نابێ دانوستاندن لەو چوارچێوەیەی رێبەر دیاری کردووە تێپەڕێت''
هاوکات موحسین ئەراکی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران سەبارەت بە پڕۆسەی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: ''هیوادارین بەرپرسانی سیاسیی ئێمە بە تەواوی لەو چوارچێوەیەدا کە رێبەری باڵا دیاری کردووە، کار بکەن.''
موحسین ئەراکی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی ''تەنانەت یەک تۆزقاڵ لە بڕیارەکانی رێبەری باڵا لابدەن و هێڵە سوورەکان تێپەڕێنن، پێچەوانەی شەرعە و رێگەپێدراو نییە.''
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران پێیوایە، لەگەڵ ئەمریکا تەنیا لە رێگەی هێزەوە دەتوانن سەرکەوتوو بن، ''دەبێت هێزی خۆمان نیشانیان بدەین، ئەگەرنا ئەوان بەم گفتوگۆیانە ئامادە نین ملکەچی مەرجەکانی ئێمە بن.''
موحسین ئەراکی داوا لە ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری ئێران دەکات: ''پشت بە خوا ببەستن و لە هیچ شتێک نەترسن. دڵنیا بن کە خوا یارمەتیدەریانە و نزای رێبەری باڵا و هەموو خەڵکەکەمان لەگەڵیانە.''
''دەستبەرداربوون لە تەنگەی هورمز هەڵەیەکی گەورەیە''
یەکێک لەو کەسانەی سەبارەت بە دانوستاندنەکان رەخنەی لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گرتووە کە سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکەن، حوسێن شەریعەتمەداری، راوێژکاری رێبەری وڵاتەکەیە.
حوسێن شەریعەتمەداری باس لە گونجاندنی پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکات لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن و دەڵێت: ''پێویستە لە بەڕێزان قالیباف و عێراقچی پرسیار بکرێ، ئایا داخستنی تەنگەی هورمز یەکێک لە سەرەکیترین ئامرازەکانی وڵاتەکەمان لە جەنگی رەمەزاندا نەبوو؟''
ئەو راوێژکارەی رێبەری ئێران کە بەر لە جەنگی 12 رۆژەش وەک کارتێکی گوشار باسی لە داخستنی تەنگەی هورمز دەکرد دەڵێت، بە داخرانی تەنگەی هورمز نزیک بوونەتەوە لە خنکانی بازرگانی و ئابووریی ئەمریکا، ''ئێستا بڕیارە بە کامە پاساوی لۆژیکی دەستبەرداری ئەم ئامرازە چارەنووسسازە بن؟''
وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە بەپێی رێککەوتنەکە، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە، بەڵام بەڕێوەبردنی، هیچ کات ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوو. حوسێن شەریعەتمەداری لەوبارەوە گوتی: ''ئەوان دەڵێن لە کەشتییە بازرگانییەکان باجی خزمەتگوزاری وەردەگرین، هەر ئەمە؟ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، رێبەری باڵای ئێران و جیهانی ئیسلامییان شەهید کردووە، ئێمەش تەنیا بە باجی هاتووچۆ رازی ببین؟''
ئەو راوێژکارەی رێبەری ئێران هۆشداریش دەدات، ''وازهێنان''ـی وڵاتەکەی لە تەنگەی هورمز و کردنەوەی، زەوینە بۆ ''هێرش و تاوانەکان''ـی داهاتووی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی خۆش دەکات.
هاوتەریب لەگەڵ رەخنەی ئەو بەرپرسانەی ئێران، بەشێکی لایەنگرانی حکومەت لە مەشهەد، تاران و چەندین شاری دیکە، درووشمیان دژی قالیباف و عێراقچی گوتەوە و ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە نێوەرۆکی یاداشتەکەی لێکتێگەیشتن دەربڕی.
''بە دژایەتیکردنی دانوستاندن هەوڵی تێکدانی یەکڕیزی دەدرێ''
لە وەڵامی رەخنەکاندا، حکومەتی ئێران رەتیدەکاتەوە نێوەرۆکی یاداشتەکەی لێکتێگەیشتن دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بێت. مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی لەوبارەوە بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: "فریوی ئەو کەسانە مەخۆن کە هەوڵی تێکدانی یەکڕیزی دەدەن.''
مەهدی تەباتەبایی باسی لەوەش کردووە، "یەکڕیزی شێوێنان کە بە هەڵوێستی تووند و بە رەواڵەت شۆڕشگێڕانە هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی دەدەن، پێچەوانەی رێبازی رێبەری شەهید کار دەکەن و لە بەرامبەر رێچکەی رێبەری باڵادا کەس فریویان ناخوات."
ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدان کە پاکستان رایگەیاندووە، ئیسلامئاباد ئەمڕۆ یەکشەممە رێوڕەسمێکی دیجیتاڵی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران رێکدەخات.


.jpg&w=3840&q=75)
