رووداو دیجیتاڵ
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری ئێرانەوە دەڵێ، شاندێکی قەتەری ئێستا لە تارانە و ئێران لە رێگەی ئەو شاندەوە مەرج و پێشنیازەکانی بە وردەکارییەوە دەگەیەنێتە لایەنی ئەمریکی.
رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی (فارس نیووز) کە میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری ئێرانەوە چەند زانیارییەکی لەبارەی رەوتی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن و ئەگەری واژۆکردنی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات خستەڕوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، شاندێکی قەتەری وەک نێوەندگیر لە تاران ئامادەیە و ئێران مەرج و پێشنیازەکانی خۆی بە وردی و خاڵ بە خاڵ داوەتە دەست لایەنی قەتەری بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە لایەنی ئەمریکی.
فارس نیووز لە زاری سەرچاوەکەوە دەڵێ، سەبارەت بە رێککەوتنەکە، هێشتا هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە و بابەتەکە بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە.
سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەکە، لە راپۆرتەکەی فارس نیووزدا هاتووە: "مەرجی سەرەکیی ئێران ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم داواکارییەکانی بەتەواوی جێبەجێ بکرێن."
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: "ئەگەر هەموو داواکارییەکانی ئێرانیش جێبەجێ بکرێن، لەو وادەیەی دۆناڵد ترەمپ دیاری کردووە، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکرێت."
رۆژی شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە رێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران بە فەرمی واژۆ بکرێ و دەستبەجێ دوای واژۆکردنەکەش، تەنگەی هورمز بکرێتەوە.
ئێران داوای چی دەکات؟
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئیرنا کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، دوای واژۆکردنی رێککەوتنی سەرەتایی، ئێران و ئەمریکا بۆ 60 رۆژ دانوستاندن دەکەن و "پێداگری لەسەر مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکرێ، ئەوەش بۆ ئەوەی بخرێتە نێو رێککەوتنی کۆتاییەوە".
جگە لەوەش، بەپێی ئیرنا، ئێران پێداگری لەسەر بەڕێوەبردنی جووڵەی تەنگەی هورمز دەکات، کە رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی دەریاییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی کەنداو، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە تاران گەمارۆی خستووەتە سەر.
ئێران کە تاوەکو ئێستا تەنیا رێگەی بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەشتییەکان داوە بە تەنگەکەدا تێپەڕن، پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت کەشتییەکان پێش تێپەڕبوونیان مۆڵەت لە هێزە چەکدارەکانی ئێران وەربگرن.
هەر رۆژی هەینی، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکاری ئێرانەوە نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە گوایە دەقی رەشنووسی ئەو رێککەوتنەیە کە خەریکە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئاژانسەکە گوتی، رەشنووسەکە کۆتایی بە شەڕی هەموو بەرەکان دەهێنێت، لەنێویاندا لە لوبنان کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەری؛ هەروەها 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێ و 60 رۆژیش بۆ دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دیاری دەکرێ.
هەروەها رەشنووسەکە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و پلانی ناچارکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێران لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕەکەوە بەر ئەو وڵاتە کەوتوون، لەخۆدەگرێ.
ئەمریکا بانگەشەی میدیای ئێران رەتدەکاتەوە
بەڵام هەمان رۆژ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران دەکەن لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتن.
جەی دی ڤانس لە پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، زانیاری ساختەی زۆر لەبارەی رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکراونەتەوە. ڤانس گوتی: "ئێرانییەکان هیچ پارەیەکی نەختینە وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەکی سڕکراویش لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتن ئازاد ناکرێ."
ڤانس گوتی، بەندەکانی رێککەوتنەکە بە جۆرێک داڕێژراون داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینەدا بن.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی هەموو مەرجەکان بێ، ئەوکاتە لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە سوودمەند دەبن.


