رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستاندنی تاران و واشنتن دەڵێت، رێککەوتنی کۆتاییان وەک بڕیارنامەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسند دەکرێت. دەشڵێت، ئێران و عومان رێکاری پێویست بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا دەگرنەبەر.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-06-2026 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا باسی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن کرد و رایگەیاند، ''دەقی تەواوی یاداشتنامەکە لە رۆژی واژۆکردنیدا بڵاودەکرێتەوە.''
بڕیارە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن رۆژی هەینی 19ی حوزەیران لە جنێڤ واژۆ بکرێت. ئیسماعیل بەقایی گوتی، ''ئەوە بۆچوونی کۆی لایەنەکان بوو. سەبارەت بە شوێنی واژۆکردنی هەر لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێک، دەبێ هەموو لایەنەکان رای خۆیان بدەن، لەنێویاندا نێوەندگیرەکان.''
بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، ''دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دوادەخرێن، تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن جێبەجێ دەکات." ئیسماعیل بەقایی گوتی، رێنماییەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی، بنەما و پرەنسیپەکانی تیمی دانوستاندنکار دەبن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریش دەدات، ''دەبێ ئاگاداری بەڵێنشکاندنی ئەمریکا بین، لە ئەزموونەکانی رابردوو وانە وەربگرین و هێزە سەربازییەکانمان هەمیشە ئامادەی هەر رووداوێکن.''
وەک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن، ''بڕیارە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بگاتە ئەنجام و بۆ پابەندکردنی زیاتری ئەمریکا بە بەڵێنەکانی، وەک بڕیارنامەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسند دەکرێ.''
بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز
یەکێک لە خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن، کردنەوەی تەنگەی هورمزە کە دوای دەستپێکردنی جەنگی 40 رۆژە، لەلایەن ئێرانەوە داخرا. ئیسماعیل بەقایی لەو بارەیەوە گوتی: ''رێکارەکانی ئێمە لە ماوەی رابردوودا لە تەنگەی هورمز بە تەواوی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا گونجاو بوون.''
بەگوتەی بەقایی، لە داهاتووشدا ئێران و عومان پێکەوە رێکاری پێویست بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا دەگرنەبەر.
لە بەرامبەر کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەمریکاش پابەند کراوە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ''بڕیارە لە ماوەیەکی دیاریکراودا و هاوتەریب لەگەڵ رێکارەکانی لایەنی بەرامبەر، هاتووچۆ لە تەنگەی هورمزدا ئاسایی ببێتەوە. واتا سەروەری و پێگەی ئێران لەبەرچاو گیراوە.''
سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی باج لەو کەشتییە بازرگانییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، بەبێ روونکردنەوەی زیاتر بەقایی دەڵێت: ''بەدوای وەرگرتنی باجەوە نین، بەڵام لە بواری تێچووی دابینکردنی ئاسایش، کەشتیوانی و ژینگەدا بابەتەکە زۆر روونە.''
''باس لە وردەکاریی پرسی ئەتۆمی نەکراوە''
دۆناڵد ترەمپ چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لەژێر چیاکان دەردەهێنن، لەنێو وڵاتەکە یان لە ئەمریکا خەستییەکەی کەم دەکەنەوە و لەنێوی دەبەن. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ترەمپدا گوتی، ''جارێک هاتنە ژوورەوە و ئەنجامەکەیان بینی، ئەگەر ژیر بن دووبارەی ناکەنەوە.''
ئیسماعیل بەقایی ئەوەشی خستەڕوو، لە دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتندا باس لە وردەکارییە ئەتۆمییەکان نەکراوە، ''بەڵکو رێککەوتووین لە ماوەی 60 رۆژدا لەبارەی پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکانەوە گفتوگۆ بکرێ.''
راگەیاندنی ئەم لێکتێگەیشتنە کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بازاڕی جیهانی نەوت هەبوو و نرخی نەوتی خاو بە زیاتر لە 4% دابەزی
جەنگی 40 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکرد، دواتر لە 8ـی نیسان ئاگربەستێک راگەیێنرا، بەڵام هێرشی لایەنەکان لەو ماوەیەدا، بە شێوەی پچڕ پچڕ بۆ سەر یەکدی بەردەوام بوو.

.jpg&w=3840&q=75)

