رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن رایدەگەیێنێت، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان تاران و واشنتندا بڕیارە واژۆ بکرێت، تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەستەبەر دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026 محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی خاوەنکارانی ئێران، ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە لە قازانجی ئێراندایە و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەستەبەر دەکات.
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن گوتی: "ئەم دیپلۆماسییەی کە بە ژیریی سەرۆککۆمار، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و پەسندکردنی رێبەری باڵا هاتووەتە ئاراوە، بە بڕوای من تەواوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران بە هێزەوە دەستەبەر دەکات."
محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، ئاماژە بە پێداگریی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بەو رووداوە دەکات و دەڵێت: "شەوی رابردوو بە نیاز بووین هێرش بکەینە سەر زەوییە داگیرکراوەکان (ئیسرائیل) و لەم بارەیەوە دوودڵ نەبووین. بەڵام دیپلۆماسی و مەیدانی جەنگ هاوشانی یەکن. ئێمە هێرشمان نەکرد، بەڵام ئەمریکا ناچار بوو گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران بە یەکجاری لابدات."
قائیمپەنا جەختی لەوە کردەوە، ئێستا ئێران گەیشتووەتە پێگەیەک کە لەگەڵ ئەمریکا دەجەنگێت و لە هەمان کاتدا لە پێگەیەکی یەکسانەوە دانوستاندن لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات.
قائیمپەنا هەروەها گوتی: "پار لەگەڵ گەورەترین زلهێزی جیهان لە جەنگدا بووین و سەربەرزانە لێی هاتینە دەرەوە، ئەمڕۆ ئێرانییەکان خاوەنی شکۆیەکی بێوێنەن کە لە جیهاندا هاوتای نییە."
دوای چەندین خول جەنگ و دانوستاندن، دواجار جار ئێران و ئەمریکا لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستەبەرکردنی ئاشتی رێککەوتن.
شەوی یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا و رێککەوتنیان لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن راگەیاند.
شەهباز شەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دوای دانوستاندنی چڕ، خۆشحاڵین رایبگەیێنین کە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستهات. هەردوولا کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بەرەکاندا راگرت، لەنێویاندا لە لوبنانیش."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژی هەینی رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت و سوپاسی وڵاتانی تورکیا، قەتەر و سعودیەی کرد بۆ نێوەندگیری و هاوکاریکردنیان لە بەدیهێنانی ئەم پڕۆژەیەدا.
دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لەگەڵ ئێران بە تەواوی گەیشتوونەتە رێککەوتن.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. پیرۆزە لە هەمووان! لێرەوە بە تەواوی رێگە دەدەم بە کردنەوەی بەخۆڕایی و بێ باجی تەنگەی هورمز، و هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، فەرمان دەکەم بە لابردنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن، با نەوت بێت و بچێت."
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستپێکرد کە بۆ ماوەی 40 رۆژ بەردەوام بوو. لە 8ی نیسان ئاگربەست لە نێوان لایەنەکان راگەیێنرا و لە 11ی نیسانیش گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان، لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

.jpg&w=3840&q=75)

