رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، لە ساڵێکدا 19 هەزار و 540 کەس لە وڵاتەکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە کە تەمەنی 3442ـیان 18 بۆ 24 ساڵ بووە.
دادپزیشکیی ئێران ئاماری قوربانییانی رووداوی هاتووچۆی بۆ یەک ساڵی هەتاوی (21-03-2025 بۆ 21-03-2026) بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا 19 هەزار و 540 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 442ـیان تەمەن 18 بۆ 24 ساڵ بوون و 860 منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵیش لەنێو ئەو کەسانەدان گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات دادپزیشکیی وڵاتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدان لە رووداوەکانی هاتووچۆدا شکانی ئێسکی سەر و زەبربەرکەوتنی مێشکی سەرنشینان و شۆفێران بووە.
دادپزیشکیی ئێران دەڵێ، خراپیی رێگەوبان، خێرایی لەڕادەبەدەر، گوێنەدان بە هێماکانی هاتووچۆ و کواڵیتیی کەمی ئۆتۆمبێلەکان، هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە رووداوەکانی هاتووچۆدا بووە.
ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆماردەکرێن.


.jpg&w=3840&q=75)
