رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشداریی دایە ئێران سەبارەت بە تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز و رایگەیاند، رێگە بە وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێک نادەن، مەگەر ئەوەی واشنتن خۆی بۆ "قەرەبووکردنەوەی تێچووە سەربازییەکانی" ئەو کارە بکات. ئەم هەڕەشانەی ترەمپ چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی داخستنەوەی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە دێت.
ئەمڕۆ شەممە 20-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی ترووس سۆشیال، سەبارەت بە چارەنووسی تەنگەی هورمز گوتی: "لە ماوەی 60 رۆژی ئاگربەستدا، هیچ جۆرە باج و سەرانەیەک لە تەنگەی هورمزدا وەرناگیرێت؛ هەروەها دوای تەواوبوونی ئەو 60 رۆژەش هیچ باجێک نابێت."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، تەنیا لە یەک حاڵەتدا باج لەو تەنگەیە وەردەگیرێت، ئەویش ئەوەیە: "ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی باجەکە دەسەپێنێت؛ ئەوەش وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ئەمریکا وەک فریشتەی پارێزەر پێشکێشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە، تاوەکو تێچووەکانی رابردوو، ئێستا و داهاتوومان بۆ بگەڕێتەوە."
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پرسی وەرگرتنی پارە لە کەشتییە بازرگانییەکان بووەتە یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی نێوان واشنتن و تاران.
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو کە بەپێی رێککەوتنەکە، مافی ئەوەیان هەیە "تێچووی خزمەتگوزارییە دەریاییەکان" لەو کەشتییانە وەربگرن کە لە تەنگەکە دەپەڕنەوە، کە بڕەکەی بە 1.5 بۆ 2 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەشتییەک مەزەندە دەکرا. بەڵام ترەمپ بە توندی دژی ئەمە وەستایەوە و رایگەیاند کە دەبێت تەنگەکە "بە تەواوی و بەبێ بەرامبەر" کراوە بێت.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە هەفتەی رابردوو ئەمریکا و ئێران گەیشتنە یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 110 رۆژەی نێوانیان. بەپێی رێککەوتنەکە، ماوەی 60 رۆژ وەک قۆناخی "دانوستاندنی تەکنیکی" دیاریکراوە بۆ گەیشتن بە پەیماننامەیەکی هەمیشەیی ئاشتی.
بەڵام لە چەند کاژێری رابردوودا، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، تاران جارێکی دیکە تەنگەی هورمزی داخست و ئەمریکای بە "پەیمانشکێنی" تۆمەتبار کرد.
دوای راگەیاندنی داخستنی تەنگەکە، بنیامین نەتەنیاهوو فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کرد هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان رابگرن.
کەمێک دوای راگەیێندراوەکەی ئێران بۆ داخستنی تەنگەکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە تەنگەی هورمز بە "ئامادەیی و وشیارییەوە" دەمێننەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە.
پەرەسەندنەکان لەکاتێکدان، شاندی دانوستاندکارانی ئێران و ئەمریکا لە سویسران بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان.
هاوکات حکومەتی پاکستان رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە ناوچەی بورگێنشتاک لە سویسرا دەستپێبکەن؛ تێیدا نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

.jpg&w=3840&q=75)

