رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، رۆژنامەڤانێکی دیکەیان لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە کوژرا. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو کەسە "چەکدارێکی حەماس بووە،" بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو تۆمەتە پێشکێش نەکردووە.
کەناڵی جەزیرە کە بنکە سەرەکییەکەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەرە، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە: "ئەحمەد ویشاح، وێنەگری جەزیرە، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل دا کە ماڵێکی لە کەمپی بورهێج لە ناوەندی غەززە کردە ئامانج، کوژرا."
پەیامنێری کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە و چەند کەسێکی دیکەش لە هەمان شوێن بریندار بوون.
ئەحمەد ویشاح، برای محەممەد ویشاحە، کە ئەویش رۆژنامەڤانی جەزیرە بوو و لە مانگی نیسانی رابردوودا بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە لە کاتی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلەکەی، گیانی لەدەستدا.
تۆمەتەکەی ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکەیان "ورد" بووە و ئەحمەد ویشاح و دوو چەکداری دیکەی حەماسیان کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "ویشاح لەپاڵ کارەکەی وەک وێنەگری جەزیرە، نیشانەشکێن بووە لە باڵی سەربازیی حەماس."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ویشاح لە مانگەکانی رابردوودا بەشداریی لە داڕشتنی پلانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل کردووە، بەڵام سوپا چ وەک وێنە و چ وەک بەڵگەنامە، هیچ بەڵگەیەکی بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە بڵاونەکردەوە.
کوشتنی رۆژنامەڤانان لە غەززە
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، زیاتر لە 220 رۆژنامەڤان لەو کەرتە کوژراون، کە لانیکەم 70یان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکە پیشەییەکانیاندا بوون.
سوپای ئیسرائیل چەندین جار رایگەیاندووە کە رۆژنامەڤانان ناکاتە ئامانج، بەڵام لە سەرەتای جەنگەکەوە چەندین کارمەندی میدیایی کوشتووە بە تۆمەتی ئەوەی "تیرۆریست" بوون و لەژێر پەردەی کاری رۆژنامەڤانیدا چالاکییان بۆ گرووپە فەلەستینییەکان کردووە.



.jpg&w=3840&q=75)