رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتکارێکی بەشدار لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، بۆ بەرنامەی کاری رۆژی یەکەمی دانوستاندنەکان زیادکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی (سی بی ئێس نیوز)ـی ئەمریکی، ئەم پرسە دەبێتە یەکەم تەوەری گفتوگۆکانی نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستاندنەکاندا.
جە دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە گەیشتە سویسرا بۆ بەشداری لە گفتوگۆکان، لە کاتێکدا شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە. هاوکات نێوەندگیرانی قەتەر و پاکستانیش لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا بەشدارن.
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا، دەبوو شەڕی لوبنانیش رابگیرێ، بەڵام جەنگەکە هەر بەردەوامە.
بۆ جیاکردنەوەی کێشەی لوبنان لە شەڕی گەورەی ناوچەکە، لە مانگی نیسانەوە لەژێر گوشاری ئەمریکادا لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دەستیان بە دانوستاندنی راستەوخۆ کردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممەش خولی پێنجەمی گفتوگۆکان دەستپێبکات.
رۆژی هەینی بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و قەتەر، لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران رێککەوتوون لەسەر راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا. باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکاش گوتی، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە مەرجێک حیزبوڵڵاش پێوەی پابەند بێت.
بەرپرسانی ئەمریکا، تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش، بێزاریی خۆیان لەم شەڕەی ئیسرائیل لە لوبنان دەربڕیوە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند هێزەکانیان "تا ئەو کاتەی پێویست بکات" لە باشووری لوبنان دەمێننەوە.



.jpg&w=3840&q=75)