رووداو دیجیتاڵ
تاران ئامادەیی نیشانداوە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی لە ناوخۆی وڵاتدا کەم بکاتەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکانی سویسرا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوت.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) رۆژی دووشەممە، 22ی حوزەیرانی 2026، لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، شاندەکانی واشنتن و تاران لە هاوینەهەواری (بۆرگێنشتاگ) لە سویسرا گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی کردووە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە "چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بووە کە واشنتن وەک مەترسی دەیبینێت."
بە گوتەى بەرپرسەکە، ئێران ئامادەیی نیشانداوە ئاستی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی لە ناوخۆی وڵاتدا کەم بکاتەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ چالاکییەکانی پیتاندن رابگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێداگری دەکات لەوەى دەبێت تاران کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان تێکبشکێنێت یان رادەستیان بکات و بۆ ماوەی 20 ساڵیش پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.
کڕۆکی ململانێکە لەسەر ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەیە کە تاران دەڵێت بۆ مەبەستی ئاشتییانە، وزە و توێژینەوەی پزیشکی بەکاریدەهێنێت. لە بەرامبەردا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نیگەرانن لەوەی ئێران ئەو ماددانە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت؛ هەر بۆیە ئامانجی سەرەکیی دانوستاندنەکان گەیشتنە بە رێککەوتنێکی پشتڕاستکراوە کە سنووری تووند بۆ ئاستی پیتاندن (وەک 3.67% یان 20%) دابنێت و چاودێریی بەردەوامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بخاتە سەر، لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئابووریی ئێران.
هەروەها هەردوولا لەسەر دروستکردنی میکانیزمێک بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان رێککەوتوون. حوسێن قوربانزادە، دانوستاندکاری ئێرانی ئاماژەی بەوە کرد، پێشکەوتن لە پرسی هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوت و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان بەدیهاتووە، بەڵام جەختی کردەوە، "هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستاندنەکان بەدینایەت تاوەکو جەنگ لە لوبنان کۆتایی نەیەت."
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات، پاش کۆبوونەوەی یەکەم گەشبینیی خۆی دەربڕی و گوتی، "لە چەند کاژێری رابردوودا پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە." ڤانس ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر ئێران "چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی" رابگرێت، واشنتن ئامادەیە "لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ گەلی ئێران هەڵبداتەوە."
ئەم گفتوگۆیانە لە سویسرا بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن. واشنتن لەرێگەی پێشکەشکردنی ئاسانکاریی ئابووری و مۆڵەتی فرۆشتنی نەوت، هەوڵ دەدات تاران قایل بکات بە سازشی زیاتر لە دۆسیە ئەتۆمییەکەیدا.



