رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، دانوستاندنەکانی سویسرا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە 14 خاڵییەکەدا، ئاڵۆزیی زۆری تێدابوو و گفتوگۆکان زۆر چڕ و سەخت بوون، بەڵام دەرەنجامەکان بەپێی ئەو ئامانجانە بوون کە شاندی ئێرانی دیاری کردبوون.
سەبارەت بە سامانە سڕکراوەکانی بانکی ناوەندی، عەبدولناسر هیممەتی ئاشکرای کرد، پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست هاتووە و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی دۆحە، یاداشتە پێویستەکان واژۆ کراون.
گوتشی، "پشت بەخوا لە رۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی پلەبەپلە و بەپێی بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندی، دەست بە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوە داراییانە دەکرێت."
لەبارەی هەناردەی نەوت و پترۆکیمیایی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران روونی کردەوە، بەپێی بەندی 11ی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، دەبێت لێخۆشبوون دەربکرێت و بڕیاردراوە ئەم کارە لەلایەن ئۆفاک (OFAC)ـەوە جێبەجێ بکرێت.
هیممەتی جەختی کردەوە، "ئێستا هەناردەی نەوتی ئێمە بەردەوامە، بەڵام لێرە بەدواوە بەبێ تێچووی سزاکان دەبێت و چیدیکە ئەو بارە داراییە زیادەیە لەسەر ئابووریی ئێران نامێنێت."
هیممەتی ئاماژەی بەوەش کرد، گەیشتن بەم قۆناخە بەهۆی هاوئاهەنگیی نێوان لایەنەکان بووە بۆ ئەوەی دۆخی دارایی وڵات بگەیێنرێتە لووتکەی سەقامگیری.
رۆژی یەکشەممە هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاستی باڵا لە سویسرا دەستیان بە دانوستاندن کرد، کە پاکستان و قەتەر وەکو نێوەندگیر ئامادەبوون بۆ ئەوەی رێکبکەون.



