رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، بەدر بوسعەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە شاری مەسقەت، رایگەیاند: "جەختمان لە پابەندبوونمان بە یاسای نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و کرێیەک کردەوە."
بوسعەیدی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسی، ئێوارەی دووشەممە پێشوازیی لە قالیباف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
هەروەها نووسیویەتی: "گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد، بەتایبەتی لەسەر ئەو بڕگەیەی کە پەیوەندی بە تەنگەی هورمزەوە هەیە. ئێمە جەختمان لە پابەندبوونمان بە یاسای نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت بەبێ وەرگرتنی کرێ کردەوە."
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عومان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو وڵات جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت ئەم دەرفەتە دیپلۆماسییەی ئێستا بقۆزرێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاشتی، هێورکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیری لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باش. ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و سەلامەتیی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا.
بەپێی میدیاکانی ئێران، قالیباف کە سەرۆکایەتیی تیمی دانوستاندنی ئێران دەکات لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ عێراقچی، رۆژی دووشەممە گەیشتنە مەسقەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ جێگیرکردنی رێکارەکانی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز.
چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتن و تاران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە 28ـی شوبات بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. رۆژی دووشەممەش، دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان، لە سەیرانگەی چیایی بۆرگنشتاک لە نێوەڕاستی سویسرا کۆبوونەوە.


