رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر رایگەیاند، بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی شەوی یەکشەممە لە ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان لە قەتەر روویدا، 54 کەس بریندار بوون و 18 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان، گەورەترین سەنتەری گازی سرووشتیی شلکراو (LNG) لە جیهاندا لەخۆدەگرێت و وەزارەتی ناوخۆی قەتەریش هۆکاری تەقینەوەکەی بۆ "رووداوێکی تەکنیکی" گەڕاندووەتەوە.
وەزارەتەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "کۆی گشتیی ژمارەی بریندارانی ئەو رووداوەی لە یەکێک لە کارگەکانی ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان روویدا، گەیشتووەتە 54 کەس."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە کە "دامودەزگە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە پرۆسەی گەڕان و پشکنین بەدوای 18 کەسی بێسەروشوێندا کردووە."
پێشتریش لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی
قەتەر باسی لەوە کردبوو، سەرەڕای برینداربوونی چەند کەسێک، "هیچ دزەکردنێکی گاز
رووینەداوە کە مەترسی بۆ سەر سەلامەتی و ژیانی خەڵک دروست بکات."
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای قەتەر ئینێرجیـی
حکومی لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە: "لە کاتی دەستپێکردنی کارەکان لە
ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان رووداوێک کەوتووەتەوە، کە بووە هۆی تەقینەوە و
ئاگرکەوتنەوە لە کارگەی بەرزان."
دەسەڵاتدارانی قەتەر
جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەقینەوەکەی رۆژی یەکشەممە تەنیا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە
بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دامەزراوەکانی رەئس لەفان بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە
زیانی گەورەیان بەرکەوتبوو، کە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلـدا بۆ سەر تاران
کرابوون.
ئەو هێرشانەی ئێران لە کاتی شەڕەکەدا کردییە
سەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو، وایکرد قەتەر بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی شلکراو
رابگرێت. قەتەر کە لە پاڵ ئەمریکا، ئوسترالیا و رووسیا، یەکێکە لە گەورەترین
بەرهەمهێنەرانی گاز لە جیهاندا، لە 2ـی ئاداردا بەرهەمهێنانی گازی راگرت، دوای
ئەوەی درۆنەکانی ئێران دامەزراوە سەرەکییەکانیان کردە ئامانج.
سەعد بن شریدە کەعبی، وەزیری
وزەی قەتەر رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی دواتریش لە 18ـی ئاداردا، توانای
هەناردەکردنی گازی سرووشتیی شلکراوی وڵاتەکەیان 17٪ کەمیکردووە.
وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد، چاککردنەوەی
ئەو زیانانەی بەر دامەزراوەکانی گاز کەوتوون، کاتی زۆری دەوێت و "لەنێوان 3
بۆ 5 ساڵی پێویستە."



