رووداو دیجیتاڵ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پۆستێکدا بە زمانی فارسی، هێرشێکی تووند و کەسیی کردە سەر ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران. کاتس گاڵتەی بە هەڕەشەکانی قائانی کرد و هۆشداری دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل "هەڵەیەکی کارەساتبار" دەبێت بۆ تاران. هەڕەشەکەی ئێران چی بوو؟ ئەم وەڵامەی کاتس دوای ئەوە دێت کە لە 21ـی حوزەیران، قائانی هۆشداری دایە هێزەکانی ئیسرائیل کە ئەگەر لە باشووری لوبنان نەکشێنەوە، ئەوا "کارەساتی ساڵی 2000"ـیان بەسەردا دووبارە دەبێتەوە. مەبەستی قائانی لەو قسەیە کشانەوەی ئیسرائیل بوو لە باشووری لوبنان دوای 18 ساڵ داگیرکاری، کە حیزبوڵڵا و ئێران وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆیان نیشانی دەدەن. قائانی لە پەیامەکەیدا بۆ سوپای ئیسرائیل نووسیبووی: "ئەگەر لەم رێگەیەی ئێستاتان لە باشووری لوبنان پاشەکشە نەکەن، کارەساتی 2000 دووبارە دەبێتەوە. ئەم هۆشدارییە بە جیدی وەربگرن و بڕیارێکی ژیرانە بدەن." وەڵامە تووندەکەی ئیسرائیل لە وەڵامدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل قسەکانی قائانی بە هەڕەشەی بەتاڵ ناوبرد و گوتی: "پێدەچێت رۆڵی سیخوڕ و ناپاکیکار زۆر زیاتر لێی بووەشێتەوە وەک لەم ئاماژە هەڕەشەئامێزە کۆمیدییانە." کاتس گوتیشی، ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، "گەورەترین هەڵەی خۆی دەکات؛" ئاماژەی بەوەشکرد، نە داخستنی تەنگەی هورمز و نە هێرشکردنە سەر سڤیلەکان، ناتوانن ئیسرائیل رابگرن و رایگەیاند کە هێزەکانیان "ئامادەن بۆ ئەوەی کارەکە تەواو بکەن." لەنێو پۆستەکەیشیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کاتس راستەوخۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانـی ئێرانی تاگ کردووە. ئیسرائیل ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵکردووە و ناوی ناوە (ناوچەی ئەمنی) و بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ پاراستنی شارۆچکەکانی باکووری وڵاتەکەیەتی لە هێرشەکانی حیزبوڵڵا. کاتس چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان ناکشێنەوە تاوەکو "مەرجە ئەمنییەکان جێبەجێ نەکرێن"، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش داوا بکات.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست26-06-2026رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: 150 کەشتی و 4000 دەریاوانمان لە تەنگەی هورمز رزگار کرد
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست26-06-2026ئیمارات بۆ ئێران: پابەندبوون بە رێککەوتن گرنگە بۆ راگرتنی کاری دووژمنکارانە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست26-06-2026قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: ئێران چاوپۆشی لە بچووکترین هەڕەشە دژ بە خۆی ناکات