رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکان دەستیان کردووە بە جێهێشتنی تەنگەی هورمز.
رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، ئارسینیۆ دۆمینگێز، هۆشداریی دا بە کەشتییە بازرگانییەکان و داوای لێکردن کە سەرکێشیی نەکەن و بەو رێڕەوانەدا نەڕۆن کە بە فەرمی پەسند نەکراون بۆ دەربازبوون لە تەنگەی هورمز.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە هاوئاهەنگیدان لەگەڵ چەندین لایەنی جیاواز لە ناوچەکەدا تاوەکو گەرەنتیی پێویست دابین بکەن کە کەشتییەکان رووبەڕووی هیچ جۆرە هەڕەشەیەک نەبنەوە.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوەکە ئاشکرای کرد، لە چوار رۆژی رابردوودا، توانیویانە 150 کەشتی کە چوار هەزار دەریاوانیان لەسەر بووە، لە ناوچە مەترسیدارەکان دوور بخەنەوە و بیانگوازنەوە.
دۆمینگێز گوتیشی، پڕۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخــێکی هەستیار و بەهۆی ئەو گوشارە سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن، هەوڵەکان بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە لووتکە و چیدیکە نابێت کەشتییەکان بەبێ رێنماییە فەرمییەکان بجووڵێنەوە.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە ناوچەکە لە چاوەڕوانیی گەیشتنە بە رێککەوتنی کۆتایی لە دانوستاندنــەکانی ئاشتیدا لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆ ئەوەی ئاسایش بۆ رێڕۆ ئاوییەکان بگەڕێتەوە.


