رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، حکومەت 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی داوەتە سوپای پاسداران بۆ ئەوەی هێزی ئاسمانی پێ پڕچەک بکات، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئەوەی رەتکردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەوەی حکومەت نەوتی دابێتە سوپا، بە دووریشی دەزانم بابەتێکی لەو شێوەیە راست بێت، چونکە سوپا هیچ میکانیزمێکی لەو شێوازەی بۆ وەرگرتنی نەوت نییە."
حوسێن موحیبی گوتی: "ئەرکی حکومەتە پشتیوانی لە هێزە سەربازییەکان بکات و سوپای پاسدارانیش سروشتییە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن پێویستی بە بودجە هەبێت و حکومەتیش ئەرکدارە کە ئەم بودجەیە دابین بکات."
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەشڵێت: "دابینکردنی بودجەی هێزە چەکدارەکان لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتە، بەتایبەت لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی وڵات لەگەڵ هێزە دەرەکییەکاندا، بەڵام ئەم پاڵپشتییە دەبێت لە چوارچێوەی بودجەی فەرمیدا بێت."
رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاندبوو، حکومەت 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران کردووە بۆ ئەوەی خۆی پڕچەک بکات و گوتی: ئەگەر پاڵپشتیی دارایی حکومەت نەبووایە، هێزە چەکدارەکان نەیاندەتوانی لە جەنگی 40 رۆژەدا بەرگری بکەن.




