رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەی کەنداو کردووەتە ئامانج.
رۆژی شەممە 27ی حوزەیرانی 2026 سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، کاژێر 04:50ی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ، هێزەکانیان هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامداوە. تاران رایگەیاند، ئەو بنکە سەربازییەی ئەمریکایان پێکاوە کە پێیان وایە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکای بۆ سەر نزیک فڕۆکەخانەی (بەندەر عەباس) لێوە دەستپێکردووە.
هێرشەکانی ئەمریکا و هۆکارەکەی
چەند کاژێرێک پێش وەڵامەکەی ئێران، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر کۆگاکانی مووشەک و درۆن، و هەروەها وێستگەکانی راداری ئێران لە نزیک شاری (سیریک) لە باشووری ئەو وڵاتە ئەنجامدا. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ پەلامارێکی درۆنی، کە کرابووە سەر کەشتیی بارهەڵگری (ئێڤەر لەڤلی) کە ئاڵای سەنگاپوورەی لەسەر بووە و لە تەنگەى هورمز تێدەپەڕی.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس هۆشدارییەکی تووندی دا و نووسی، "تووندوتیژی بە تووندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە." ڤانس داوای لە سەرکردەکانی ئێران کرد، کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکاربهێنن نەک بژارەی سەربازی. ئەمەش یەکەمجارە لەدوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیران، ئەمریکا راستەوخۆ ئێران بۆردوومان بکات.
کێشەی رێڕەوە ئاوییەکان
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای (کێپلەر) بۆ چاودێریی کەشتییەکان، نزیکەی نیوەی کەشتییە بازرگانییەکان رێڕەوێکی باشوورییان لە نزیک کەناراوەکانی عومان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆیان لە مەرجەکانی ئێران بپارێزن. ئەم پەرەسەندنە بووە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە توانیبووی 115 کەشتی و 2,500 دەریاوان رزگار بکات، بە تەواوی رابگیرێت.
سوپای پاسداران ئەمریکا بە پێشێلکردنی "بڕگەی پێنجەم"ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد تۆمەتبار دەکات و جەخت دەکاتەوە، کۆنتڕۆڵی هاتووچۆ لە تەنگەى هورمز تەنیا لە دەسەڵاتی ئێراندایە. سوپای ئێران هۆشداریی داوە، "ئەگەر دەستدرێژییەکان دووبارە ببنەوە، وەڵامەکەمان زۆر لەمە فراوانتر دەبێت."




