رووداو دیجیتاڵ
عەلائەدین بروجێردی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، دەبێ بزانێ وەڵامی ئێران بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست 'خێرا و جیدیە'
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، عەلائەدین بروجێردی پەرلەمانتاری شاری لارستان و ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، واشنتنی بە پێشێلکردنی ئاگربەست و رێککەوتنی نێوانیان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: "لەسەر بنەمای زانیاریی ورد، وەڵامی خێرا، ورد و لەکاتی خۆیدا بە هەر کارێکمان داوەتەوە نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی ئاگربەست بێت، دووژمن دەبێ بزانێت کۆماری ئیسلامی لە وەڵامدانەوەی هەر کارێکدا، تەواو جیدی و پێداگرە."
بروجێردی هەروەها دەڵێت، "ئێمە بەڵێنەکانی خۆمان جێبەجێ دەکەین و رێزیان لێ دەگرین، بەڵام لێکتێگەیشتنەکە دوولایەنەیە، تا ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر یاساکانی یارییەکە بپارێزێت، ئێمەش بەڵێنەکانی خۆمان جێبەجێ دەکەین؛ بەڵام ئەگەر ئاگربەست پێشێل بکرێت، چیدیکە هیچ جۆرە بەڵێنێک بۆ ئێمە نامێنێتەوە و پەرچەکرداری پێویست پێشان دەدرێت."
ئێران و ئەمریکا، لە 18ی حوزەیرانی 2026دا، لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد، لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنە، کۆتاییهاتنی خێرا و هەمیشەیی کردەوە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش لە لوبنان راگەیێندرا، هەروەها هەردوولا بەڵێنیان دا لەمەودوا هیچ جۆرە جەنگ یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکدی دەستپێنەکەن.
سەرەڕای ئەو ئاگربەستە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر ئێران و ئیسرائیلیش لە باشووری لوبنان چەندین هێرشی لە دژی پێگەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)

