رووداو دیجیتاڵ
دوای جەنگێکی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئێستا تەنگەی هورمز لە لێواری وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. ئێران و عومان هەوڵ بۆ وەرگرتنی باجی تێپەڕبوون لە کەشتییەکان دەدەن، واشنتن بە تووندی دژی هەر گۆڕانکارییەکە لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا.
کۆبوونەوەکانی قەتەر
ئێران رایگەیاندووە رۆژی چوارشەممە، 2ی تەممووزی 2026، لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بە گوتەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شاندی ئێرانی لەلایەن کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
پرسێکی سەرەکی لە رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران کە پێویستی بە یەکلاییکردنەوە هەیە، کۆنترۆڵی ئێرانە بەسەر تەنگەی ستراتیژیی هورمزدا، کە رێککەوتنەکە داوای کردنەوەی دەکات.
ئێران بەم دواییە لەگەڵ عومان دانوستاندنی کردووە لەسەر ئەوەی ناوی ناوە "بەڕێوەبردنی داهاتووی" ئەو کەشتیانەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن.
محەممەدباقر قالیباف، دانوستاندنکاری باڵای ئێران رۆژی سێشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا تەلەفزیۆنیدا گوتی، "شاندی ئێرانی سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە دەبێت کە پەیوەندییان بە شەڕی لوبنان و تەنگەی هورمزەوە هەیە."
پێشنیازی عومان
دوای وەستانی جەنگی ئەمریکا-ئێران، باس لەوە دەکرێ عومان پێشنیازی پلانێکی کردووە بۆ وەرگرتنی باج لە تەنگەی هورمز. بەگوێرەی پێشنیازەکە، ئێران و عومان پارە لەو کەشتیانە وەردەگرن کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرێ، دەبێتە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی پێش جەنگ لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
پێش جەنگەکە، کەشتییەکان بەخۆڕایی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕین و نەوت و گازیان لە کەنداوەوە بۆ تەواوی جیهان دەگواستەوە. لە کاتی شەڕەکەدا، ئێران بە کردەوە تەنگەکەی داخست، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی وزە.
بەرپرسێکی ئێرانی و چوار دیپلۆماتکار کە ئاگاداری بابەتەکەن، قسەیان بۆ (نیویۆرک تایمز) کردووە و دەڵێن، "عومان بەم دواییانە پێشنیازێکی فەرمی پێشکێش بە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی دیکە کردووە کە تێیدا پلانێکی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی باجی خزمەتگوزاری بدەن بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەکەدا، بەڵام ئەو پارەیە خۆویستانە دەبێت نەک ناچاری."
دانوستاندنکارانی ئەمریکی کە لە ئێوارەی سێشەممەوە لە قەتەرن، "پێشنیازەکەی عومانیان بەدەست گەیشتووە و نیگەرانییان هەیە، دەیانەوێ لەگەڵ بەرپرسانی عومان تاوتوێی بکەن." تاوەکو ئێستاش چەند جارێک بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بیرۆکەی وەرگرتنی سەرانە یان باجی تێپەڕبوونیان بە تەنگەکەدا بە "قبووڵنەکراو" ناوبردووە. هەربۆیە هێشتا روون نییە ئایا ئیدارەی ترەمپ باجی خزمەتگوزاریی خۆویستانە قبووڵ دەکات یان نا.
بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە کە وەرگرتنی پارە خۆویستانە بێت و دەڵێت ناچارییە. رۆژی دووشەممە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "کاری لەپێشینەی تاران گەیشتنە بە رێککەوتن لەگەڵ عومان. بەڵام ئەگەر عومان نەیەوێ چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی رێڕەوە ئاوییەکە دابمەزرێنێت، ئێران بە تەنیا هەنگاو دەنێت."
هەر لەو بارەیەوە مەهدی محەممەدی، راوێژکاری باڵای محەممەدباقر قالیباف، کە دانوستاندنکاری سەرەکیی ئێرانە لەگەڵ ئەمریکا، لە لاپەڕەی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی کە زاراوەکان بۆ ئێران گرنگ نین "ئینجا ناوی بنێیت سەرانە، باجی خزمەتگوزاری بۆ ئاسایش یان تێپەڕبوونی دەریایی." گوتیشی، "جەنگ کۆتایی نەهاتووە، ئێران تەنگەی هورمز و رێڕەوەکانی دیکەش کۆنترۆڵ دەکات."
رێککەوتنی ئاشتی
رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەی ئاشتی کە مانگی رابردوو لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە واژۆکرا و شەڕەکەی راگرت، باسی لە تەنگەی هورمز کردووە و "تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکانی بێ پارە" مسۆگەر کردووە، بەڵام تەنیا بۆ 60 رۆژ تا ئەو کاتەی دانوستاندنەکان بۆ دیاریکردنی وردەکارییەکان بەردەوام دەبن.
بەپێی چەندین ئاژانسی خزمەتگوزاریی کەشتییەکان، هاتووچۆ بە تەنگەکەدا هەفتەی رابردوو زیادی کرد، بەڵام دوای گرژی و بۆردوومانەکانی هەینی و شەممەی ئێران و ئەمریکا دابەزیوە.
کۆمپانیای Windward بۆ زانیارییە دەریاییەکان دەڵێ، قەبارەی ئەو نەوتەی لە رێڕەوەکە دەرچووە، لە 24ی حوزەیراندا گەیشتووەتە 13.4 ملیۆن بەرمیل و لە 25ی حوزەیراندا 11.7 ملیۆن بەرمیل بووە.
S&P Global Energy رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە 78 کەشتی — کە ئەم ژمارەیە تانکەری نەوت، کەشتیی کۆنتێنەر و جۆرەکانی دیکەی بارهەڵگر دەگرێتەوە — لە 24ی حوزەیراندا بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، کە ئەمە بەرزترین ژمارەیە لەوەتەی جەنگەکە دەستی پێکردووە؛ بەڵام کۆمپانیای کێپلەر بۆ شیکاری بازرگانی نیشانی دەدەن کە رۆژی هەینی و شەممە هاتووچۆ کەمبووەتەوە.
سەرەڕای زیادبوونە پچڕپچڕەکەی ئەم دواییە، هاتووچۆ هێشتا زۆر لە خوار ئەو نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیلە نەوت و بەرهەمە نەوتییانەیە کە پێش جەنگ رۆژانە بە تەنگەکەدا تێدەپەڕین.
.jpg&w=3840&q=75)

