رووداو دیجیتاڵ
پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. هەردوولا پرسی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و داهاتووی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان تیشکیان خستە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کەرتی ئابووری یەکێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا جەختیان لە فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کایە ئابوورییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە، لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەی رووداوەکانی ئەم دواییانە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزشکیان هیوایان خواست کە "کۆتاییهاتنی شەڕ و گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتن" ببێتە هەوێنی ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ ناوچەکە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە ئاواتەخوازن ناوچەکە بچێتە قۆناخێکی نوێی پەیوەندیی باش و هاریکاریی هاوبەشی نێوان وڵاتان و گەلان، دوور لە ئاڵۆزی و گرژییە سەربازییەکان.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 2026/7/3، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له تاران، لهلايهن بەڕێز مەسعوود پزشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانهوه، پێشوازیی لێكرا.
لە کۆبوونەوهيهكدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانيان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تاوتوێ کرد و بەتایبەتی تیشکيان خستە سەر فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کایە ئابوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێك کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی ئەم دوایییە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لهمبارهيهوه هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێوشوێنى ئاشتيیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کردەوە.
ههردوولا هيوايان خواست كۆتاييهاتنى شهڕ و گفتوگۆى نێوان كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ئهمهريكا، ئاشتى و سهقامگيرييهكى ههميشهيى بۆ ناوچهكه لهگهڵ خۆيدا بهێنێت و قۆناغێكى نوێى پهيوهنديى باش و هاريكاريى هاوبهشى نێوان وڵاتان و گهلانى ناوچهكه دهست پێبكات.
چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.


