رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە چوار مانگ دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کە لە یەکەم رۆژدا بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی، ئەمڕۆ هەینی رێوڕەسمی تایبەتی بەڕێکردن و ماڵئاواییکردن و دواتر بە خاکسپاردنی تەرمەکەی دەستپێکرد.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 3ی تەمموزی 2026، تەرمی عەلی خامنەیی بۆ مزگەوتی گەورەی تاران (موسەڵلای تاران) گوێزرایەوە و بڕیارە ئەمڕۆ شاندە بیانییەکان بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بکەن.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەیییان بۆ "ماڵئاوایی، بەڕێکردن و بە خاکسپاردنی" تەرمی عەلی خامنەیی داناوە و پێشبینی دەکەن "ملیۆنان کەس" لە رێوڕەسمەکاندا بەشدار بن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە نزیکەی 100 وڵاتەوە شاندی فەرمی، یان کەسایەتی و گرووپی جەماوەری بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە دەبن.
ئیسماعیل بەقایی گوتی، لە وڵاتانی دراوسێوە شاندی ئاستبەرز لە تاران ئامادە دەبن. هەروەها لانیکەم 8 سەرۆکی وڵات واتە سەرۆککۆمار یان سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی 12 وڵات بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.
بە گوتەی بەقایی، لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەشەوە لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە یان وەزیرەکانی دیکە و نوێنەرانی تایبەت ئامادەییان دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە نزیکەی 100 وڵاتەوە گرووپی جەماوەری و کەسایەتییەکان لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە دەبن.
ئیسماعیل بەقایی روونیکردەوە، لە ئەورووپای رۆژهەڵاتیشەوە شاندی فەرمی و کەسایەتییە جەماوەرییەکان و نوێنەرانی پەرلەمان لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێراندا ئامادە دەبن، بەڵام لەو وڵاتە ئەورووپییانەی پشتگیری هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیان کردبوو، هیچ کەس و لایەنێک بانگهێشت نەکراون.
وەحید جەلالزادە، سکرتێری لێژنەی نێودەوڵەتیی بەڕێکردنی تەرمی رێبەری پێشووی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 شاندی فەرمی لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە.
بە گوتەی جەلالزادە، چەندین سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیر، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی جیهان لەم رێوڕەسمەدا بەشدار دەبن.
جەلالزادە گوتی: "بەرپرسانی وڵاتانی رووسیا، چین، عێراق، تاجیکستان، جۆرجیا، پاکستان، ئەرمینیا، ئەفغانستان، تورکیا، عومان، قەتەر، میسر، کۆماری ئازەربایجان، بێلاڕووس، هیندستان، مالیزیا، کوبا و دەیان وڵاتی دیکە دێنە تاران. هەروەها سکرتێری گشتیی رێکخراوی شانگهای و سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئیکۆ لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە دەبن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران
کاژێر 08:00ـی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، بە یاوەریی شاندێک گەیشتە تاران.
نێچیرڤان بارزانی لەکاتی گەیشتنیدا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهرئاباد، لەلایەن عەبدولکەریم حوسێن زادە، جێگری کوردی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان پێشوازی لێکرا.
تاوەکو ئێستا، سەرۆکی تورکمانستان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، وەزیری ناوخۆی پاکستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جێگری سەرۆکی کۆنگرەی چین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی میسر بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی رێبەری پێشووی ئێران گەیشتوونەتە تاران.
لە تاران و شارەکانی دیکە 2000 قوتابخانە بۆ پێشوازیی خەڵک ئامادەکراون
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران روونیکردەوە، بۆ شوێنی مانەوەی میوانان و زیارەتکاران، 2000 قوتابخانە تەرخان کراون، کە هەزار قوتابخانەیان لە تاران و هەزار قوتابخانەی دیکەش لە شارەکانی دیکەدایە.
بە گوتەی وەزیری پەروەردەی ئێران، پێشبینی دەکرێت نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتی "شاد"ەوە، رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی بە شێوەی راستەوخۆ ببینن..
کازمی گوتی، سەرجەم بنکە تەندروستییەکان، لە رۆژانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا بە شێوەی تەواو و بەبێ گۆڕینی کاتی کارکردن (شێفت)، خزمەتگوزاری پێشکەش بە میوانان و زیارەتکاران دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران، رەتیکردەوە کە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، هێڵی ئینتەرنێت لە شارەکان ببڕدرێت.
موعتەمەدیان گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە سەپاندنی سنووردارکردنی ئینتەرنێت لە رۆژانی رێوڕەسمەکەدا بڵاوبوونەتەوە راست نین؛ بەڵکو تەنانەت ژێرخانەکانی پەیوەندی لە رێگەی جێگیرکردنی وێستگە گەڕۆکەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندییەوە بە تووندی بەهێز کراون."
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026 و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگی ئێران، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.
خشتەی رێوڕەسمەکانی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردن
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی بڕیارە رۆژی شەممە، 4ی تەممووز لە تاران دەستپێبکات و رۆژی 9ی تەممووز بە ناشتنی تەرمەکەی لە شاری مەشهەد کۆتایی بێت.
بەپێی خشتەی ئەو بەرنامەیەی لە لایەن لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و ناشتنی تەرمی عەلی خامنەییەوە بڵاوکراوەتەوە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممە، رێوڕەسمەکان لە تاران دەبن.
رۆژی سێشەممە، تەرمی عەلی خامنەیی دەبردڕێتە شاری قوم. ئێوارەی هەمان رۆژ تەرمەکە بە فڕۆکە دەگەیێندرێتە فڕۆکەخانەی شاری نەجەف لە عێراق و رۆژی چوارشەممە تەرمەکە دەبردڕێتە مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و دواتر مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.
رۆژی پێنجشەممە، تەرمەکە دەگوازرێتەوە بۆ شاری مەشهەد و لە رێوڕەسمێکدا بەخاکدەسپێردرێت.



