رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، ئامادەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بە هاوکاری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بدەن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سەبارەت بە نێوەرۆکی کۆبوونەوەی دوێنێ هەینی 03-07-2026ـی خۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی مەسعود پزیشکیاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، ئامادەیی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
بەگوێرەی پەیامەکە، پزیشکیان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا باسی لەوەش کردووە، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی، ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوام هەوڵ بدەن و دەڵێ، ''ئێران نەوەک هەر بەدوای ناکۆکی و گرژییەوە نییە، بەڵکو پەرەپێدانی هاوکاری و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە ستراتیژییەکی سەرەکی دەزانێت.''
سەرۆککۆماری ئێران لە دیدارەکەدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی زانستی، پەروەردەیی، کولتووری، ئابووری، بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و گوتوویەتی، ''ئامادەین سوود لە هەموو تواناکانی بەردەست لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وەربگرین.''
دوێنێ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی مەسعود پزیشکیان گەیشتە تاران و لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەشدار بوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئێمە لەسەر رێگەکانی بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران گفتوگۆمان کرد و بەتایبەتی جەختمان کردەوە لەسەر فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی، کولتووری و دراوسێییمان کە لەمێژە خەڵکی ئێمەی پێکەوە گرێداوە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانيان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کرد و بەتایبەتی تیشکيان خستە سەر فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کایە ئابوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێك کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات."
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی رووداوەکانی ئەم دواییە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لهمبارهيهوه هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ و رێوشوێنى ئاشتيیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کردەوە."
هەر بە گوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "ههردوولا هيوايان خواست كۆتاييهاتنى شهڕ و گفتوگۆى نێوان كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ئهمهريكا، ئاشتى و سهقامگيرييهكى ههميشهيى بۆ ناوچهكه لهگهڵ خۆيدا بهێنێت و قۆناخێكى نوێى پهيوهنديى باش و هاريكاريى هاوبهشى نێوان وڵاتان و گهلانى ناوچهكه دهست پێبكات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەش کۆبووەوە.



