رووداو دیجیتاڵ
میسر بارەگای نوێی فەرماندەیی ستراتیژیی وڵاتەکەی بەناوی ئۆکتانگۆن کردەوە. ئەم ناوەندە سەربازییە زەبەلاحەی وەک سیمبولێکی سەردەمیکردن و گەشەکردنی هەژموونی قاهیرە لە ناوچەکەدا ناساند.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە رێوڕەسمی کردنەوەی بارەگا نوێیەکەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیدا گوتی: "میسر پابەندە بە ئاشتی بۆ ئەوانەی ئاشتییان دەوێت. ئەم هەنگاوە جێگەی شانازییەکی گەورەیە بۆ میسر و ئامانج لێی نیشاندانی ئەوەیە کە قاهیرە دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی هەژموونداریی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا."
میسر یەکێکە لەو چەند وڵاتەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا بە قۆناخی بەهێزکردنی گەورەی سەربازیدا تێپەڕیوە. هاوتەریب لەگەڵ ئیسرائیل کە هەناردە و بودجەی بەرگریی لە بەرزترین ئاستی مێژووییدایە، میسر لەگەڵ سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەشدا هەوڵدەدەن لەم دەیە نوێیەی سەدەی بیست و یەکدا هێز و توانای خۆیان نمایش بکەن.
میسر نەک تەنیا شارستانییەکی دێرینە، بەڵکو لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردووشدا لە سەردەمی جەمال عەبدولناسر، سەرکردەی نەتەوەپەرستی عەرەب، بووە هێزێکی سەربازیی گەورە. لە زۆر رووەوە، میسری ئەمڕۆ میراتگری ئەو هێزەیە.
پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا
میسر هاوبەشێکی ئەمریکایە و سیسی پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا هەیە. سیسی لە ساڵی 2013ـدا گەیشتە دەسەڵات، ئەوەش دوای ئەوەی ئیخوان موسلمین لە دەسەڵات لادران کە بۆ ماوەیەکی کورت لە (2012-2013) فەرمانڕەواییان کرد. محەممەد مورسی، سەرکردەی ئیخوان لە کاتی دادگاییکردنیدا گیانی لەدەستدا.
لە رێوڕەسمەکەدا، ئاڵای وڵاتەکە بەرزکرایەوە و سیسی گوتارێکی لەسەر رۆڵی گرنگی ئەم سەنتەرە ستراتیژییە پێشکێش کرد. سیسی دەڵێت، ئەم کارە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریدایە.
سیسی گوتی، بارەگای فەرماندەیی ستراتیژی، یەکخستنی دانانی پلان و هاوئاهەنگی بۆ سەرجەم لقەکانی هێزە چەکدارەکان مسۆگەر دەکات، توانای جەنگی بەهێز دەکات و ئامادەباشیی بەردەوام دەستەبەر دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بە بەکارهێنانی نوێترین و پێشکەوتووتریین سیستمی تەکنەلۆجی. سیسی گوتارەکەی بە دووپاتکردنەوەی: "بژی میسر.. بژی میسر.. بژی میسر" کۆتایی پێهێنا.
بۆچی ناوی ئۆکتانگۆنـە؟
ئۆکتاگۆن واتە هەشت لا. بیرۆکەکە سەرنجڕاکێشە و چەند پڕۆژەیەکی هاوشێوەمان بیردەخاتەوە، وەک دروستکردنی باڵەخانەی پێنتاگۆن (پێنج لا) لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام باڵەخانەکەی میسر هەشت هێندەی ئەوەی ئەمریکایە.
ئەم سەنتەرە بیری ستراتیژیی میسر نیشان دەدات. لە کاتێکدا میسر دڵخۆشە بە سەرکەوتنەکەی ئەم دواییەی بەسەر ئوسترالیادا لە جامی جیهانی، بارەگای ئۆکتانگۆن وەک دەستکەوتێکی دیکەی نیشتمانی بۆ متمانەبەخۆبوونی ئەو وڵاتە دەبینرێت.
هەروەها ئامانج لە سەنتەرەکە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە مۆدێرنەکانە، لەوانە مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی سایبەریی نەوەی چوارەم و پێنجەم و ئەو هەڕەشانەی پێویستیان بە سیستمی بەرگریی دیجیتاڵیی زۆر پێشکەوتوو هەیە.
سەنتەرەکە لە هەشت باڵەخانەی سەرەکی پێکدێت لەسەر رووبەری نزیکەی 22 هەزار دۆنم زەوی و پشت بە داتای گەورە و ئاسایشی سایبەری دەبەستێت.

