رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکی سەربازیی سەر بە حکومەتی دانیپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، چەکدارە حووسییەکانی نزیک لە ئێران لە هێرشێکدا لە باشووری شاری بەندەری حودەیدە، 16 سەربازی حکومەتیان کوشتووە.
بەرپرسەکە رایگەیاند: "بەرەبەیانیی رۆژی شەممە لە ناوچەی حەیس لە باشووری حودەیدە، پێکدادان بۆ چەندین کاژێر بەردەوام بووە" و هێزەکانی حکومەت توانیویانە هێرشەکە تێکبشکێنن. هەروەها گوتی: "لە ریزەکانی حووسییەکانیش کوژراو و بریندار هەن،" بێ ئەوەی ئامارێکی دیاریکراو بۆ زیانەکانی لایەنی بەرامبەر بخاتەڕوو.
لە ساڵی 2015ـەوە، حووسییەکان لەگەڵ حکومەتی یەمەندا لە جەنگدان؛ جەنگێک کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و گەورەترین قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا دروستکردووە.
سەنعای پایتەخت و بەشێکی زۆری باکووری یەمەن، لەنێویاندا حودەیدە لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، لە کاتێکدا حکومەتە دانیپێدانراوەکە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری باشووری وڵاتەکەی بەدەستەوەیە.
لەوەتەی ساڵی 2022ـەوە و بەهۆی ئاگربەستێکەوە کە لە رێگەی دانوستاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەدەستهات، شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا بە رێژەیەکی زۆر راگیرابوو.
بەڵام رۆژی هەینی، حووسییەکان هەڕەشەیان لە فڕۆکەخانە و دامەزراوە هەستیارەکانی عەرەبستانی سعودیە کرد، کە پاڵپشتیکاری سەرەکیی حکومەتەکەی یەمەنە لە عەدەن.
ئەو گرووپە چەکدارە کە بەشێکە لە "میحوەری موقاوەمە"ی سەر بە ئێران دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، سعودیەی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵیداوە رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی بکات.

