رووداو دیجیتاڵ
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان دەڵێ، مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری وڵاتەکەی رێگری لە جێگیربوونی سوپای لوبنان دەکات. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە هەردوولا ئامادەکاری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێک کە کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لەخۆدەگرێ.
رۆژی دووشەممە، 06-07-2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، جۆزێف عەون جەختی لەسەر پێویستی گوشارخستنە سەر ئیسرائیل کردووەتەوە تاوەکو هێزەکانی بکشێنێتەوە. عەون دەڵێ: "بەردەوامی داگیرکاری، رەوایەتی لوبنان لاواز دەکات و رێگرە لە جێگیربوونی سوپا و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی لوبنان لە کاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامن. بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێ سوپای لوبنان لە باشووری وڵاتەکە جێگیر بێت و هێزەکانی ئیسرائیلیش بە تەواوی لەو ناوچانە بکشێنەوە کە لە کاتی جەنگدا کۆنترۆڵیان کردوون.
ئاگربەستی سەرەتایی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە 16ی نیسانی 2026 بە چاودێریی ئەمریکا راگەیێندرا و چووە واری جێبەجێکردنەوە.
دوای چەند جارێک لە درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە، هەردوولا لە 26ی حوزەیرانی 2026 گەیشتنە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ چەسپاندنی ئاشتی کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە راگەیێندرا.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئاداری ئەم ساڵەوە دەستیپێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیدا مووشەکبارانی ئیسرائیلی کرد. لەو کاتەوە ئیسرائیل بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی کۆنتڕۆڵکردووە و سەتان خانوو و باڵەخانەی لەو ناوچانەدا وێران کردووە.



