رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێرسکی دانیمارکی، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا، گەڕانەوەی بۆ نۆکەندی سوێس راگەیاند. ئەمە یەکەمین جارە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور، مێرسک بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بدات.
رۆژی دووشەممە، 06-07-2026، کۆمپانیای مێرسک لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای "هاپاگ-لۆید"ی ئەڵمانی، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان لە هێڵی(AE15) کردووە، کە ئاسیا و دەریای ناوەڕاست و ئەورووپا بە یەکەوە دەبەستێتەوە. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کەشتییەکانی ئەم هێڵە چیدی بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا ناسوڕێنەوە و راستەوخۆ نۆکەندی سوێس بەکاردەهێنن.
لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە، بەهۆی هێرشی چەکدارانی حووسی لە کەناراوەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، زۆربەی کۆمپانیاکانی گواستنەوە ناچار بوون رێگەی "گەرووی بابولمەندەب" لە دەوری ئەفریقا بگرنە بەر. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی ئەوەی کاتی گەشتەکان درێژتر بێت و تێچووی گواستنەوە و نرخی کاڵاکانیش لە بازاڕەکانی ئەورووپادا بەرز ببنەوە.
مێرسک لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەم بڕیارە دوای هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخی ئەمنی لە ناوچەی دەریای سوور دراوە و هەنگاوێکە بۆ گەڕانەوەی پلەبەندی بۆ رێڕەوی سوێس." کۆمپانیاکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە کاتی گەشتەکان زۆر خێراتر دەکات، بەڵام هێشتا هەموو شتێک بەندە بە سەقامگیریی ناوچەکە.
بەپێی زانیارییەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF)، لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی گرژییەکانی دەریای سوور و گەرووی 'باب المندب،' هاتووچۆی کەشتییەکان لە نۆکەندی سوێس زیاتر لە 50% کەمیکردبوو. لە بەرامبەردا، ژمارەی ئەو کەشتییانەی رێگەی دەوری ئەفریقایان بەکاردەهێنا سێ هێندە زیادی کردبوو، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستبووە سەر کەرتی وزە و بازرگانی.
سەرەڕای هەواڵی گەڕانەوە بۆ رێڕەوە کورتەکە، بەڵام بازاڕەکان هێشتا بە گومانەوە سەیری دۆخەکە دەکەن. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پشکەکانی کۆمپانیای مێرسک لە بۆرسەی کۆپنهاگن بە رێژەی 5.87% دابەزین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ترسی وەبەرهێنەران لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور.
گەڕانەوەی مێرسک بۆ نۆکەندی سوێس، هەناسەیەک بە بازاڕەکانی ئەورووپا دەبەخشێت و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی گواستنەوە، کە دواجار کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی شمەک و کاڵاکان دەبێت بۆ بەکاربەران.




