رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026 رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، دەیان بنکە و دامەزراوەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە کوێت و بەحرێن کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی سوپای پاسداران کە میدیای فەرمیی وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، هێزی دەریایی و ئاسمانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی مووشەکی و درۆنیدا، 85 بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکایان لە ناو خاکی کوێت و بەحرێن پێکاوە.
سوپای پاسداران ئەم هێرشە بەرفراوانەی وەک "وەڵامی سەرەتایی بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" وەسفکرد و ئاشکرایشی کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانیویانە درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری (ئێم کیو-9) بخەنە خوارەوە.
ئەم هێرشەی تاران دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە هێرشە چڕەکانی ئەمریکا دێت. بەیانیی رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز، زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە؛ لەوانەش سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکانی کەناراو و بنکەکانی سوپای پاسداران.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، تەنیا سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان تێدەپەڕێت.
ئەو رێککەوتنە بڕیاربوو کۆتایی بە جەنگی 110 رۆژەی نێوان هەردوولا بهێنێت، بەڵام چەندین هۆکار بوونە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی، لەوانە تەنگەی هورمز.
ئێران پێداگری لەسەر وەرگرتنی باج (سەرانە) لە کەشتییەکان دەکات، بەڵام واشنتن بە تووندی رەتیدەکاتەوە و بە "چەتەگەری" وەسفی دەکات.
سەبارەت بە لوبنان، تاران دەڵێت: ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بۆیە ئەوانیش ئاگربەستەکەیان بە هەڵوەشاوە داناوە.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، ئەوا "چیدیکە وەک دەوڵەت نامێنێتەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)