رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هێرشە سەربازییەکانی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 08-07-2026ی سوپای ئەمریکای بۆسەر وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکردنی ئاشکرای یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ"ی لە قەڵەم دا.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دا هاتووە، سوپای ئەمریکا بەیانیی رۆژی چوارشەممە، بە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕگەی 4ـی مادەی 2ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستدرێژیی سەربازیی کردە سەر چەند ناوەندێکی چاودێری لە کەناراوەکانی باشووری ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی روونی بڕگەی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی راگرتنی جەنگە کە تایبەتە بە راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دووبارەبوونەوەی هێرشە نایاساییەکان هاوشان لەگەڵ بڕیارەکەی دوێنێی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێران (کە ئەمریکا بەپێی بڕگەی 10ـی یاداشتنامەکە پابەند بوو پێیەوە)، لەگەڵ پێشێلکردنی رێکارەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز و بەردەوامیی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، بەشە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگیان بێ بایەخ کردووە.
وەزارەتەکە دەڵێ، بەرپرسیارێتیی ئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەم گرژییانە بە تەواوی لە ئەستۆی ئەمریکادایە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی تووندی دایە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی "وڵاتانی دراوسێ لە کەناراوەکانی باشووری کەنداوی فارس،" لەبارەی پابەندبوونی نێودەوڵەتییان "بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاک و ئاسانکارییەکانیان لەلایەن هێزە دەستدرێژکارەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران."
تاران هۆشداری دا، "هەر جۆرە هاوکارییەک لە دەستدرێژی دژی ئێران، بە مانای بەشداریکردن و هاوبەشیکردنە لە تاوانەکەدا."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایش باسکرد، دووپاتیکردەوە، "هێزە چەکدارە بەتواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی ما=دەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەرگریکردن لە سەروەریی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە سڵ ناکەنەوە و سەرچاوە و بنکەی سەرەکیی دەستپێکردنی هێرشەکانیش دەکەنە ئامانج."
ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 80 ئامانجی چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئێران. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوانیش بە هێرشکردنە سەر نزیکەی 85 ئامانج وەڵامیان داوەتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)