رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران رایگەیاند، لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، سێ چەکداریان کوژراون.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای وەلیولعەسر، لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای خوزستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشی کردە سەر خاڵێکی سەربازی لە شاری ئەهواز و بەهۆیەوە سێ پاسدار کوژران.
سوپای پاسداران ناسنامەی ئەندامە کوژراوەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، حوسێن عەمووری، سەعید تەوەکولیزادە و موحسین نەجاتی لە هێرشەکەدا کوژراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، رۆژی هەینی، 10ـی تەممووز هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی، رێوڕەسمی گشتیی ماڵئاوایی و بەڕێکردنی تەرمی هەر سێ پاسدارە کوژراوەکە لە شاری ئەهواز بەڕێوەدەچێت و دواتر رۆژی رێوڕەسمی تایبەتی بەخاکسپاردنیان رادەگەیێندرێت.
پێشتر وەلی ئەڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان رایگەیاندبوو: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر خاڵێکی دیاریکراو لە شاری ئەهواز و بەو هۆیەوە سێ کەس کوژراون و کۆمەڵێک خەڵک بریندار بوون"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناسنامەی سەربازییان بکات.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە کەناراوەکانی ئێران بۆردوومان کردووە.
لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هێرشی مووشەکی و درۆنیی توندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن.



