رووداو دیجیتاڵ سوپای پاسداران هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن پشتڕاست کردەوە و دەڵێ، هێرشەکە بە 10 مووشەکی بالیستی کراوە. سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، کاژێر 14:30 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-07-2026، لە ئەنجامی هێرشێکدا، ناوەندی فەرماندەیی کۆنترۆڵی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا و بنکەی ئاسمانیی ئەو وڵاتەیان لە ئوردن کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێرشەکە بە 10 مووشەکی بالیستی کراوە و لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا بووە بۆ سەر ئێران. سوپای پاسداران هۆشداریش دەدات، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی "دەستدرێژییەکانی" ئەمریکا، بە تووندی هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە. راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن هۆشدارییەکی ئەمنیی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئەگەری هێرشی "مووشەکی، درۆنی یان رۆکێتی"ـی ئێران بۆ سەر ئوردن هەیە. هاوکات دوو شەوە هێزەکانی ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر ئێران. بە گوێرەی سێنتکۆم لە شەوی سێشەممەدا 80 ئامانج و لە شەوی چوارشەممەش 90 ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کردووە.