رووداو دیجیتاڵ
دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری پارێزگای بووشەهر و لە نزیک شاری (چوغادەک) بیسترا. ئاژانسی مێهری ئێرانی پشتڕاستی کردووەتەوە کە دانیشتووانی ناوچەکە و گوندەکان دەنگی تەقینەوەکانیان بیستووە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند، شەوی پێنجشەممە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لەناو شاری بەندەر عەباس بیستراوە. ئەم رووداوانە دوای ئەوە دێن کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە لووتکە و مەترسیی پەرەسەندنی جەنگ لە ئارادایە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی ئێران، لە ماوەی دوو شەوی رابردوودا، سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر هێڵی کەناراوەکانی باشووری ئێران. ئەم هێرشانە بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەک پاسدار و خەڵکی سڤیل، هەروەها زیانێکی زۆری ماددیشی لێکەوتووەتەوە.
واشنتن شەپۆلێکی نوێ و فراوانی بۆردوومانەکانی بۆ سەر پێگە جیاوازەکانی ئێران دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی فەرمیی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتی راگەیاند.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لەنێو خاکی ئێران بۆردوومان کردووە، لەوانەش: سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوی، کۆگەکانی مووشەک و درۆن، تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی بە درێژایی کەناراوەکانی ئێران.
لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، هێرشی مووشەکی و درۆنیی توندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن.
میدیای ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا پردێکی شەمەندەفەری گرنگیان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و بنکەیەکی سەربازییان لە شاری بەندەری بووشەهر تێکشکاندووە.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە دوو شەوی رابردوودا پێنج پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە 14 کەس کوژراون.
حوسێن کرمانپوور لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سەرەڕای بەرقەراربوونی ئاگربەست، ئەمریکا لە رۆژانی 7 و 8ـی تەممووزی 2026، پێنج پارێزگای ئێرانی بۆردوومان کرد؛ لە ئەنجامدا شەهیدبوونی 14 کەس و برینداربوونی 78 کەسی دیکەیان لێکەوتووەتەوە."
بە گوتەی کرمانپوور، 47 لە برینداران هێشتا لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن و ئەوانەی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی ماڵەوە کراون.


