رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین ساتەکانی رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی رێبەری پێشووی ئێران لە مەشهەد، لە بازگەیەک تەقە لە بەشداربووان کرا. جێگری پارێزگاری خوڕاسانی رەزەوی دەڵێت، دوو کەس لە رووداوەکەدا کوژراون.
رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 10-07-2026، لە نزیک مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد روویدا، کە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدا بەخاکسپێردرا.
ئەمیروڵڵا شەمقەدری، جێگری پارێزگاری خوڕاسانی رەزەوی تەقەکردنی چەند چەکدارێکی نەناسراوی لە ناوەندی پارێزگاکە پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لانیکەم دوو کەس کوژراون.
تائێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە. ئەمیروڵڵا شەمقەدری رایگەیاند، هەرچەندە تەقەکەرەکان نەناسراونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان.
بە گوێرەی میدیاکان، تەقەکەرەکان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بووە، بۆیە خەڵک و بازگەکانی گومانیان لێ نەکردوون.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی ناسنامەی کوژراوان رانەگەیێندراوە، بەڵام میدیاکان دەڵێن، هێرشەکە لە نزیک بازگەیەک بووە و تێیدا دوو ئەندامی بەسیج کوژراون و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە لە هێرشێکدا بۆ سەر نووسینگەکەی لە تاران کوژرا.
تەرمی خامنەیی دوای 131 رۆژ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد بەخاکسپێردرا.



