رووداو دیجیتاڵ
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. هەردوولا داوایان لە واشنتن و تاران کرد بگەرێنەوە سەر مێزی دانوستاندن و پابەندی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بن.
رۆژی هەینی، 10ی تەممووزی 2026، وەزیرانی دەرەوەی میسر و قەتەر جەختیان لە پێویستیی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی شەڕ کردەوە.
میسر و قەتەر داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد کە "زمانی دیپلۆماسی و دیالۆگ بخەنە پێش هەموو شتێک، تاوەکو زەوینە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی خۆش بێت کە ببێتەهۆی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا کرانە سەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن؛ جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت رێز لە سەروەریی خاک و یەکپارچەیی ئەو وڵاتانە بگیرێ.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییەی قاهیرە و دەوحە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا سەریانهەڵداوەتەوە، دوای ئەوەی ئێران رۆژانی دووشەممە و سێ شەممە هێرشی کردە سەر سێ کەشتی لە تەنگەی هورمز و لە وەڵامدا، ئەمریکا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئێرانی بۆردوومان کرد.
هەر ئەمرۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئێران داوای بەردەوامیی گفتوگۆکانی کردووە، بەڵام "ئێمە پێمان گوتوون، ئاگربەست تەواو بووە".
رۆژی هەینی 10-07-2026 ترەمپ لە ترووس سۆشیال نووسی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای بەردەوامیی گفتوگۆکانی لێکردین. ئێمەش رازی بووین، بەڵام ئەمریکا زۆر بە روونی پێی گوتوون، ئاگربەست کۆتایی هاتووە."
رۆژی چوارشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە، ترەمپ بە تووندی هێرشی کردە سەر سەرکردایەتیی تاران و گوتی: "پێم وایە کۆتایی هاتووە. من چیدیکە نامەوێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەم، ئەوان بێبەهان." دوای ئەم لێدوانانەی ترەمپ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا 5٪ بەرزبووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئێرانییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە چەندین جار ئەو رێککەوتنانەیان بە هەڵە پیشانداوە کە واشنتن و تاران لە ئاگربەستەکەی 17ـی حوزەیرانی رابردوودا واژۆیان کردبوو.
.jpg&w=3840&q=75)

