رووداو دیجیتاڵ
جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، واشنتن رێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لەگەڵ ئێران بەلاوە پەسندە، بەڵام لە هەمان کاتدا "ئامادەیە بۆ لێپرسینەوە لە ئێران لەبەر ئەو کارانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."
تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتی، "هیوادارین ئێران بگەڕێتەوە سەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی و بە جیددی بەشداری لە دانوستاندنەکاندا بکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی."
برووس ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە دەرگەی دیالۆگ کراوەیە، بەڵام "ناتوانین لەگەڵ تاران گفتوگۆ بکەین کاتێک ئەو وڵاتە پابەندییە سەرەتاییەکان پێشێل دەکات و هێرش دەکاتە سەر ئامانجە مەدەنییەکان."
ئەم لێدوانانەی برووس دوای ئەوە دێن کە لە هەفتەی رابردوودا ئەمریکا چەند جارێک هێرشی کردە سەر ئێران، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانکردنی چەند کەشتییەک لە تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە واشنتن رەزامەندی داوە لەسەر بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان، بەڵام بە تارانیان راگەیاندووە، ئەو ئاگربەستەی بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات هەبوو، کۆتایی هاتووە.
جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد، ئێران لە ماوەی هەفتەی رابردوودا شتانێکی کردووە، کە دژی ناوەڕۆک و رۆحی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتە. داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بە تەواوی چاودێری دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بکەن و جەختی کردەوە کە تاران یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستە دەربڕی؛ جێرۆم بۆنا فۆنت، نوێنەری فەرەنسا، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد و گوتی، "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بەردەوام، بە جۆرێک کە دڵنیابین ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات."



