رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت، هیچ متمانەیەکیان بە ئەمریکییەکان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "شەڕمان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کات بە خۆبەدەستەوەدان کۆتایی نایەت".
رۆژی هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد موزانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئیندۆنیزیا گوتی، پێشتر لە دانوستاندنەکاندا بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا راگەیاندووە کە تاران متمانەی بە واشنتن نییە.
قالیباف دوو جار سەرۆکایەتیی شاندی ئێرانی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کردووە. یەکەم جار 11ـی نیسانی 2026 لە پاکستان و جاری دووەمیش 21ـی حوزەیرانی 2026 لە سویسرا.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوە کرد کە ئەوان هەرگیز دەستبەرداری "بەرگریکردن" لە وڵاتەکەیان نابن و گوتی: "ئامادەی بەرگرییەکی هەمەلایەنین و بە تووندی بەرامبەریان دەوەستینەوە و مافی گەلی ئێران دەپارێزین."
قالیباف گوتیشی: "ئەمریکییەکان دەزانن هێز و ئامادەیی سەربازیی ئێران چۆنە. کۆتاییهاتنی شەڕ بۆ وڵاتانی جیهان لە پێشینەیە، بەڵام پێویستە هەمووان بزانن ئەم ململانێیە هەرگیز بە خۆبەدەستەوەدانی ئێران کۆتایی نایەت."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران ئاستەنگی بۆ دروست بووە. ئێران رۆژی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەک و لە وەڵامی ئەوەشدا ئەمریکا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە هێرشی کردە سەر ئێران.
بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەو ماوەیەدا 170 ئامانجیان لەنێو خاکی ئێران پێکاوە. لە وەڵامیشدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن و ئوردن.



