رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی "دەستوەردانی بێگانەکان" تەنگەی هورمزیان بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا داخستووە و هۆشداری دەدەن کە هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بە تووندی وەڵام دەدەنەوە.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەمموزی 2026، لە راگەیێندراوێکی فەرمی دا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، پێشتر هۆشدارییان دابوو کە رێگە نادەن هیچ کەشتییەک لە دەرەوەی رێڕەوە دیاریکراوەکان تێپەڕێت.
سوپای پاسداران دەڵێت: "چەند کاژێرێک لەمەوبەر، چەند کەشتییەک بە هاندانی وڵاتانی بێگانە هەوڵیاندا لە رێڕەوی نایاساییەوە تێپەڕن و ئامێرەکانی پەیوەندی و چاودێرییان کوژاندبووەوە، ئەمەش ئاسایشی دەریاوانی خستبووە مەترسییەوە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی سوپای پاسداران "تەقەی ئاگادارکردنەوە"یان لە یەکێک لەو کەشتیانە کردووە و رایانگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەکە "سەرپێچی" کردووە و گوێی بە هۆشدارییەکان نەداوە.
سوپای پاسداران "بڕیارێکی تووند"ـی دەرکردووە و رایگەیاندووە: "بەهۆی تێکچوونی ئاسایش لە ئەنجامی دەستوەردانی نایاسایی بێگانەکان، تەنگەی هورمز تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەک و تاوەکو کۆتاییهاتنی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە داخراوی دەمێنێتەوە و رێگە بە هاتووچۆی هیچ کەشتییەک نادرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە واشنتن و دەڵێت: "ئەگەر دووژمن بە بیانووی ئەم رووداوە هەڵەیەکی دیکە بکات یان هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران، بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە و بنکە نوێیەکانی دووژمن لە ناوچەکە دەکرێنە ئامانج."
سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی تێکچوونی دۆخەکە دەخاتە ئەستۆی "ئەمریکا و ئیسرائیل" و ئەو وڵاتانەشی کە خاکی خۆیان بۆ لێدانی ئێران داوەتە دەست هێزەکانی ئەمریکا.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)