رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم لەم هەفتەیەدا هێرشی چڕیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران و لە دوایین هێرشیشدا 140 ئامانجی جیاوازیان پێکاوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی سێنتکۆم کە رۆژی 12ی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکان لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانیی دیکە بووە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە تەنگەی هورمز. فەرماندەییەکە دەڵێت: "هێزەکانی ئەمریکا بە مووشەکی زیرەک و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتییە جەنگییەکانەوە، نزیکەی 140 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان پێکا."
سێنتکۆم لیستی ئەو شوێنانەی بڵاوکردووەتەوە کە لەم هێرشەدا "خاپوور" کراون، لەوانە:
پێگەکانی مووشەک و درۆن.
توانا دەریاییەکانی ئێران.
کۆگاکانی تەقەمەنی و چەک.
تۆڕەکانی پەیوەندی و بنکەکانی چاودێریی کەناراوەکان.
فەرماندەیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی سێ شەوی رابردووی ئەم هەفتەیەدا، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، زیاتر لە 300 ئامانجیان لەنێو ئێران پێکاوە. ئامانجی سەرەکیی واشنتن لەم هێرشانە "تێکشکاندنی تواناکانی ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر دەریاوانانی مەدەنی و کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز."
سەرەڕای گرژییەکان، سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە کە هاتوچۆی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە بەردەوامە. ئاشکراشی کردووە کە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هاوکاریی تێپەڕبوونی زیاتر لە 800 کەشتیی بازرگانی و 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان کردووە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی لە گەرووی هورمز تێپەڕبن.


