رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بەیانیی رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 "بە تووندی" لە ئێرانیان داوە، دوای ئەوەی تاران بە درۆن هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە تەنگەی هورمز.
ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کەناڵی (ئێن بی سی)ـی ئەمریکی راگەیاند، "دوێنێ شەممە لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران لە رێککەوتن نزیک بووینەوە. ئەوان ئامادە بوون دەستبەداری هەموو شتێک بن، بەڵام لەپڕ دوای دوو کاژێر، بە درۆن هێرشیان کردە سەر کەشتییەک. بەڕاستی ئەم خەڵکە کێشەیەکیان هەیە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "تەنگەی هورمز کراوەیە،" سەرەڕای ئەوەی تاران پێچەوانەی ئەمەی راگەیاندووە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، تەنگەی هورمز بەڕووی سەرجەم کەشتییەکاندا واڵایە بۆ تێپەڕبوونی یاسایی و پێداگریی کرد، ئێران کۆنترۆڵی ئەم رێڕۆ ئاوییە ناکات.
سێنتکۆم لە تۆڕی ئێکس نووسی: "تەنگەی هورمز بۆ هەموو ئەو کەشتییانە کراوەیە کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی بە رێڕۆی ئاویی نێودەوڵەتیدا تێپەڕن. هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیدان و ئامادەن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئازادیی کەشتیوانی بەردەوام بێت، سەرەڕای دەستدرێژی، هەراسانکردن، هەڕەشە و بڕیارە هەڕەمەکییەکانی ئێران."
بەپێی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئاسانکارییان بۆ تێپەڕبوونی زیاتر لە 800 کەشتی و زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە تەنگەی هورمزدا کردووە، تەنیا لە حەوت رۆژی رابرووشدا زیاتر لە 140 کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون.



.png&w=3840&q=75)