رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە بەرامبەر پاراستنی تەنگەی هورمز پارە وەردەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی رایگەیاند، ئەوان کۆنترۆڵی ئەو رێڕۆ ئاوییە ستراتیژییە دەکەن.
رۆژی دووشەممە 13-07-2026 ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیووزی گوت: "ئێمە دەبینە پارێزەری تەنگەکە، پێشتر بەخۆڕایی دەمانپاراست، بەڵام ئێستا دەبێت وڵاتە دەوڵەمەندەکان قەرەبوومان بکەنەوە. ئێمە پارەیەکی زۆر وەردەگرین بۆ پاراستنی، تەنیا دەمانەوێت قەرەبووی ئەو هەموو کارەمان بکرێتەوە، قەرەبووی ئەوەی خەڵکی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە."
گرژییەکان و رێڕۆی وزە
لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت، لە هەفتەیەکدا دوو لایەنەکە سێ جار هێرشیان کردە سەر یەکدی، ئەمەش گومانی خستووەتە سەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە بووەتە هۆی وەستانی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەکەدا.
گرژییەکانی هەفتەی رابردوو زیاتر سەرنجی لەسەر تەنگەی هورمز بوو، کە کۆنترۆڵکردنی خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان واشنتن و تارانە.
رەخنەگرتن لە دانوستاندنەکان و هەڵوێستی ئێران
لە هەڤپەیڤینەکەی رۆژی دووشەممەدا، ترەمپ رەخنەی لە شێوازی دانوستاندنکارانی ئێران گرت کە دەیانەوێت گۆڕانکاری لەو رێککەوتنانەدا بکەن کە لە کۆبوونەوەکانی کۆتایی هەفتەدا کرابوون.
ترەمپ گوتی: "ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەکە دەکەین. ئەوان هیچ شتێکیان نییە. دوێنێ 11 کاژێر کۆبوونەوەیان کرد و لەسەر هەموو شتێک رێککەوتین، بەڵام کاتێک ژوورەکە جێدەهێڵن، پەیوەندی دەکەنەوە و دەڵێن دەبێت چەند گۆڕانکارییەک بکەین."
لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، حکومەت لەگەڵ نێوەندگیرەکانی قەتەر، پاکستان و عومان لە گفتوگۆدایە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگەکە.
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، تەنگەی هورمز "داخراوە،" بەڵام ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە تەنگەکە بەڕووی هاتووچۆی دەریاییدا کراوەیە و لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە.



